بەرپرسێکی کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان (کەنەکە) ڕایگەیاند، لە ماوەی چوار مانگی ڕابردوودا 57 هاووڵاتیی کورد لە ئێران لەسێدارە دراون و زیاتر لە 200 کەسی دیکەش لەژێر مەترسیی لەسێدارەداندان.
سەعید سەنەندەجی، بەرپرسی کۆمیسیۆنی مافی مرۆڤی کەنەکە، لە چاوپێکەوتنێکدا تیشکی خستە سەر دۆخی نالەباری مافی مرۆڤ لە ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ڕایگەیاند، شۆڕشی «ژن، ژیان، ئازادی» گۆڕانکاریی فیکریی گەورەی لە ناوچەکەدا هێناوەتە ئاراوە و دەسەڵاتی ئێرانیش ئەمەی بە مەترسییەکی جددی بۆ سەر بوونی خۆی زانیوە.
بە گوێرەی ئامارەکانی سەنەندەجی، لەسەدا 62ـی قوربانیان و دەستبەسەرکراوان لە نەتەوەی کورد و بەلووچن، لە کاتێکدا ئەم دوو نەتەوەیە تەنیا لەسەدا 20ـی کۆی دانیشتووانی ئێران پێکدەهێنن. ناوبراو ئاماژەی بەوەش کرد کە هێزە ئەمنییەکان شێوازی توندوتیژانە بەرامبەر بە خەڵک بەکار دەهێنن و فشار دەخەنە سەر کاسبکاران و چالاکوانان بۆ ئەوەی بەشداری لە مانگرتن و چالاکییە مەدەنییەکاندا نەکەن.
لە کۆتایی لێدوانەکەیدا، بەرپرسی کۆمیسیۆنی مافی مرۆڤی کەنەکە ڕەخنەی توندی لە بێدەنگیی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ گرت لە بەرامبەر پێشێلکارییە بەردەوامەکانی مافی مرۆڤ لەو وڵاتەدا.