ئۆکرانیا و ئەڵمانیا ڕێککەوتنێکی نوێی سەربازییان بە بەهای 1.5 ملیار دۆلار واژۆ کرد بۆ دابینکردنی چەک، بەرپەرچدانەوەی درۆنەکانی ڕووسیا و پاراستنی ژێرخانی وزەی کیێڤ، لە کاتێکدا ڕاوێژکاری ئەڵمانیا بە سەردانێکی ڕانەگەیێندراو گەیشتە پایتەختی ئۆکرانیا و هێرشەکانی ڕووسیای بە تاوانی جەنگ وەسف کرد.
ڤۆلۆدیمیر زێلێنسکی، سەرۆکی ئۆکرانیا، لە هەژماری فەرمیی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس ڕایگەیاند، ڕێککەوتنەکە دروستکردنی درۆنی شەڕکەر و پشتیوانیکردنی کەرتی وزە لە خۆ دەگرێت بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئەو بۆردوومانانەی ڕووسیا بۆ سەر تۆڕەکانی کارەبا لە وەرزی زستاندا دەیانکات.
فرێدریش مێرز، ڕاوێژکاری ئەڵمانیا، بە سەردانێک گەیشتە کیێڤ و لە کاتی سەردانەکەیدا بۆ باڵەخانەی ئەکادیمیای نیشتمانیی زانستەکان، کە پێشتر پێکرابوو، گوتی: "پێویستە ئەم هێرشە دڕندانەی سەر هاوڵاتییانی سڤیل ڕابگیرێن؛ ئەمانە تاوانی جەنگن کە ڕۆژانە دەکرێن، و ئەگەر ڕووسیا ڕانەگیرێت، جەنگەکە درەنگ یا زوو پەلی بۆ ئێمەش دەهاوێت."
هەروەها لە کاتی سەردانەکەدا تەقینەوەیەکی گەورە لە کیێڤ ڕوویدا و زیانی بە (پردی باکوور) گەیاند و ڤیتالی کلیچکۆ، سەرۆکی شارەوانیی کیێڤ، داوای کرد شارەکە لە باری ئامادەباشیی جەنگدا بێت.
لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەڤانیی هاوبەشدا، ڕاوێژکاری ئەڵمانیا ئاشکرای کرد، بەشێکی سەرەکیی ڕێککەوتنەکە بەرهەمهێنانی هاوبەشی درۆنی دژەفڕۆکە و دابینکردنی چەکی دوورمەودا و تەکنەلۆژیای مانگی دەستکردە تاوەکو ئۆکرانیا سەکۆکانی مووشەکی ڕووسیا بکاتە ئامانج و وڵاتەکەی بڕیاریدا 350 ملیۆن یۆرۆ وەک هاوکاریی بەپەلەی زستانە بۆ دابینکردنی مۆلیدە و وێستگەی کارەبا تەرخان بکات.
لە بەرامبەر ئەم سەردانەدا، وەزارەتی بەرگریی ڕووسیا هەڕەشەی کرد هێرشەکانی بۆ سەر کیێڤ چڕتر دەکاتەوە و داوای لە دیپلۆماتکاران کرد پایتەخت جێهێڵن، بەڵام کاتارینا ماثێرنۆڤا، باڵیۆزی یەکێتیی ئەوروپا لە ئۆکرانیا، جەختی کردەوە، کە لە کیێڤ دەمێننەوە و هەڕەشەکان ناتوانن پشتیوانیی ئەورووپا ڕابگرن.