سەرۆکی فەرەنسا جەخت لەوە دەکاتەوە کە دەبێت ڕێگری لە ئێران بکرێت ببێتە خاوەنی چەکی ئەتۆمی، بەڵام پێی وایە ڕژێمی ئێران تەنیا بە بۆمباران ناگۆڕدرێت، ئەوەش لە کاتێکدایە ترەمپ ڕەخنەی لە هاوپەیمانە ئەوروپییەکان گرتووە بەهۆی بەشدارینەکردن لە هێرشەکاندا.
ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا، لە لێدوانێکدا ڕایگەیاند کە نابێت ڕێگە بە ئێران بدرێت ببێتە خاوەنی چەکی ئەتۆمی، بەڵام تەنیا بە بۆمبارانیش ڕژێمەکە ناڕووخێت، چونکە پێشتر ئەم تاقیکردنەوەیە سەرکەوتوو نەبووە. ماکرۆن ئاماژەی بەوەش دا کە بەهۆی نەبوونی نەخشەڕێگەیەکی پێشوەختە بۆ قۆناغی پاش ڕووخانی ئێران، فەرەنسا بەشداریی لە هێرشەکانی ئەمریکادا نەکردووە و پێویست بوو لەو بارەیەوە راوێژ بەو وڵاتە کرابوایە.
ئەم لێدوانانەی سەرۆکی فەرەنسا دوای ئەوە هاتن کە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، چەندین جار ڕەخنەی لە هاوپەیمانە ئەوروپییەکانی، بەتایبەت فەرەنسا گرت بەوەی لە هێرشکردنەسەر ئێراندا هاوکاریی ئەمریکایان نەکردووە.