هەڵمەتی ڕووخاندنی ئەو خانووانەی بە زیادەڕۆ لە شاری کەرکوک دروستکراون دەستی پێ کردووە، بەڵام جێبەجێکردنی بڕیارەکە ناڕەزایەتییەکی فراوانی هاوڵاتییانی لێ کەوتووەتەوە و تۆمەتی جیاکاری و وەرگرتنی بەرتیلی خستووەتە سەر بەشێک لە هێزە جێبەجێکارەکان.
بەشێک لە دانیشتوانی شارەکە، لیژنەی زیادەڕۆیی لە پۆلیسی کەرکوک تۆمەتبار دەکەن بەوەی لە بەرامبەر وەرگرتنی بەرتیلدا جیاکاری لە نێوان هاوڵاتییاندا دەکەن و چاوپۆشی لە بەشێک لە خانووە زیادەڕۆکان دەکەن.
لەم بارەیەوە هاوڵاتییەک بۆ نووچە تیڤی ئاشکرای کرد، بۆ چاوپۆشیکردن لە خانوویەکی زیادەڕۆ و ڕێنەدان بە ڕووخاندنی، دەبێت بڕی ملیۆنێک دینار یان چەند سەد دۆلارێک بەرتیل بە لیژنەکە بدەیت بۆ ئەوەی ڕێککەوتنیان لەگەڵدا بکەیت.
هەژار کاکەیی چالاکوانی سیاسی و نەشئەت شاهوێز جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک، ڕەخنەی توندیان لە جۆری جێبەجێکردنی یاساکە گرتووە و جەختیان لەسەر پێویستیی ڕێگریکردن لە گەندەڵی، جێبەجێکردنی بێ جیاوازیی یاسا و سزادانی سەرپێچیکاران کردووەتەوە تاوەکو پرۆسەی لابردنی زیادەڕۆییەکان نەبێتە هۆی پێشێلکردنی مافی هاوڵاتییانی کەمدەرامەت.