تەنها سێ ڕۆژی دیکە بەردەم هاوڵاتییان ماوە بۆ بەشداریی لە پرۆسەی ناونووسینی ئۆنلاین بۆ فەریزەی حەج و بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی حەج و عەمرە هەرێمی کوردستانیش ئاماری نوێی پێشکەشکارانی ڕاگەیاند.
شێخ وریا مەولانا خالید بالیسانی، بەڕێوەبەری گشتیی حەج و عومڕە بەوەکالەت ڕایگەیاند، پرۆسەی تۆمارکردنی ناوی هاوڵاتییان بە شێوازێکی زۆر باش بەڕێوە دەچێت و تاوەکو ڕۆژی 5ی ئەم مانگە بەردەوام دەبێت. ئاماژەی بەوەش کرد، تاوەکو ئێستا زیاتر لە 70 هەزار هاوڵاتی لە هەرێمی کوردستان ناویان بۆ ئەنجامدانی فەریزەی حەج تۆمار کردووە.
بەڕێوەبەری گشتیی حەج و عەمرە بەوەکالەت ڕوونیشی کردەوە، لە ئێستادا بەڕێوەبەرایەتیی گشتی بە هەماهەنگی لەگەڵ نووسینگەکانی حەج و عەمرە لە پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکان، بەردەوامن لە وردبینیکردنی ناوی پێشکەشکاران و دوای تەواوبوونی پرۆسەی وردبینی، وادەی ئەنجامدانی تیروپشک بە ڕەسمی دیاری دەکرێت.