ڕاستەوخۆ

دەستگیرکردنی بەرپرسێکی گەندەڵ لە کەرکوک و گەڕاندنەوەی 20 ملیار دینار لە بەغدا

reset font size increase font size

لە دوو ئۆپراسیۆنی جیاوازی دژە گەندەڵیدا لە بەغدا و کەرکوک، دەستەی دەستپاکی و دادگاکانی عێراق دەستگیرکردنی بەرپرسێکی پارێزگای کەرکوکیان لە کاتی وەرگرتنی بەرتیلدا و گەڕاندنەوەی 20 ملیار دیناری دزراویان بۆ خەزێنەی دەوڵەت ڕاگەیاند.

لە پارێزگای کەرکوک، هێزە ئەمنییەکان بە هەماهەنگی لەگەڵ دەستەی دەستپاکی، سەرۆکی یەکێک لە بەشەکانی فەرمانگەی سەرچاوەکانی ئاویان لە کاتی وەرگرتنی بەرتیلدا دەستگیر کرد. بە گوێرەی ڕاگەیەندراوی دەستەی دەستپاکی، تۆمەتبارەکە لە بەرامبەر ئەنجامدانی کارئاسانی و نوسراو بۆ وەبەرهێنەرێک لە پرۆژەیەکی بەخێوکردنی ماسیدا، سەرانەی سەندووە و هەڕەشەی لە وەبەرهێنەران کردووە. لە کاتی دەستگیرکردنیدا، دەست بەسەر ژمارەیەک نوسراو و بەڵگەی پەیوەندیدار بە پرۆژەکەدا گیراوە.

لە لایەکی دیکەوە، دادگای لێکۆڵینەوەی ڕەسافەی تایبەتمەند بە دۆسیەکانی دەستپاکی و سپیکردنەوەی پارە لە بەغدا، توانیویەتی دەست بگرێت بەسەر 20 ملیار دیناری عێراقیدا، کە لە دۆسیەیەکی گەندەڵی دارایی و ئیداریدا بە شێوازی نایاسایی دەستکەوتبوو و پارەکەی بۆ خەزێنەی گشتی گەڕاندووەتەوە.

دادگای باڵای عێراق جەختی لەوە کردووەتەوە، ڕێکارە یاساییەکانیان دژ بە تەواوی ئەو کەسانە بەردەوام دەبێت، کە ڕێگەی نایاسایی بۆ دەستکەوتی تایبەت لەسەر حسابی سامانی گشتی دەگرنە بەر، بەڵام ئاماژەی بە ژمارەی تۆمەتبارە دەستگیرکراوەکانی دۆسیەی ڕەسافە نەکردووە.

باشووری کوردستان
نووچە تیڤی

بابەتە پەیوەندیدارەکان

دەربارەی ئێمە

پەیوەندیکردن

TV

  • Frequency: 12687 H 27500 (Nilesat)
  • Frequency: 11296 H 27500 (Hotbird)

تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان

© 2026 – NÛÇE TV هەموو مافەکان پارێزراون.