لە شاری بەغدا، سەرۆکی ئەنجومەنی باڵای دادوەریی عێراق پێشوازی لە سەرۆکی مەجلیسی شوورای ئیسلامیی ئێران و شاندێکی ئاستبەرزی یاوەری کرد و ئاسۆی پەیوەندییە یاساییەکانی نێوان هەردوو وڵاتیان تاوتوێ کرد.
بەپێی ڕاگەیەندراوێکی ڕاگەیاندنی ئەنجومەنی باڵای دادوەری، ئەمڕۆ پێنجشەممە 20ی ئابی 2026، دادوەر فایەق زێدان، سەرۆکی ئەنجومەنی باڵای دادوەری، پێشوازی لە محەمەد باقر قالیباف، سەرۆکی مەجلیسی شوورای ئیسلامیی ئێران و شاندی یاوەری کرد.
لە میانی کۆبوونەوەکەدا، هەردوولا تاوتوێی ڕێگەکانی بەهێزکردن و بەرفراوانکردنی هاوکاریی دووقۆڵیی نێوان هەردوو وڵاتیان لە بوارە دادوەری و یاساییەکاندا کرد. هاوکات جەختیان لەسەر گرنگیی بەدواداچوونی بەردەوام و جێبەجێکردنی بڕگەکانی ئەو ڕێککەوتننامە و یاداشتنامە هاوبەشانە کردەوە کە پێشتر لە نێوان دەسەڵاتە یاسایی و دادوەرییەکانی بەغدا و تاراندا ئیمزا کراون.