سوپای پاسدارانی ئێران لە بەیاننامەیەکدا کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکای لە عێراق بە «سەرکەوتنێکی مێژوویی» و سەپاندنی ئیرادەی نەتەوەیی بەسەر داگیرکاریدا وەسف کرد، و جەختیشی کردەوە کە ئەم ڕووداوە سەرەتای دەرکردنی تەواوەتیی واشنتۆنە لە ڕۆژئاوای ئاسیا.
لە بەیاننامەکەدا هاتووە کە دەرکردنی هێزە ئەمریکییەکان بەهۆی خۆڕاگریی گەلی عێراق و خوێنی شەهیدانەوە بەدی هاتووە، نەک لە ڕێگەی دانوستانەوە، و بەمەش کۆتایی بە دوو دەیە دەستوەردانی سەربازیی واشنتۆن هێنراوە.
سوپای پاسداران ئاماژەی بەوەش داوە کە ئەمە قۆناغێکی گرنگە لە تۆڵەسەندنەوەی خوێنی فەرماندە شەهیدەکان، بەتایبەت ئەبو مەهدی موهەندیس، و کۆتاییهاتنی بوونی ئەمریکاش ڕێگە خۆش دەکات بۆ ئەوەی گەلانی ناوچەکە بە یەکڕیزی ئاسایش و داهاتووی خۆیان بنیات بنێنەوە.