عێراق ڕایدەگەیێنێت لە چوارچێوەی دۆسیەی گەندەڵیی عەدنان جومەیلی، بریکاری دەستبەسەرکراوی وەزارەتی نەوتی عێراق بۆ کاروباری پاڵاوتن، دەستیان بەسەر زیاتر لە 125 ملیۆن دۆلار و 380 کیلۆگرام زێڕدا گرتووە کە لە چەندین شوێنی جیاوازدا شاردرابوونەوە.
حەشارگەکان لە ناو دیوار و ژێر زەوی و باخەکانی هەرێمی کوردستاندا بوون
میدیا فەرمییەکانی عێراق ڕۆژی دووشەممە بڵاویانکردەوە، تاوەکو ئێستا لە ئۆپەراسیۆنەکەدا دەستبەسەر 114.7 ملیۆن دۆلار بە دیناری عێراقی، 11 ملیۆن دۆلاری دیکەی کاش، 380 کیلۆگرام زێڕدا 70 موڵک و 21 ئۆتۆمبێلی مۆدێل بەرزدا گیراوە.
ئاماژە بەوەش کراوە کە ئەم سامانی گەندەڵییە لەناو دیوار، حەشارگەی ژێر زەوی، کێڵگە و باخەکاندا شاردرابوونەوە، کە بەشێک لە شوێن و حەشارگەکان لە ناوچەکانی هەرێمی کوردستاندا بوون.
هەماهەنگی لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان
حکومەتی عێراق بۆ بەڕێوەبردنی ئەم ئۆپەراسیۆنە هەماهەنگی لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان کردووە.
لە 13ی تەمووزدا، دەسەڵاتی دادوەریی عێراق ڕایگەیاندبوو کە بە هەماهەنگی لەگەڵ دەسەڵاتدارانی هەرێمی کوردستان دەستیان بەسەر 375 کیلۆگرام ئاڵتندا گرتووە.
پێشتریش ئەنجومەنی باڵای دادوەریی عێراق دەستبەسەرداگرتنی 27 ملیار دیناری دیکەی (نزیکەی 20.6 ملیۆن دۆلار) ڕاگەیاندبوو. هەروەها لە ئۆپەراسیۆنێکی دیکەدا لە پارێزگای سەلاحەدین، دەستبەسەر 13 ملیار دینار، 40 شەمشەی ئاڵتن و پێنج کیلۆگرام زێڕینگەری شاردراوەدا گیرا.
لە سەرەتای ئەم مانگەشدا، دەسەڵاتی دادوەری وێنەی 14 ملیار دیناری (نزیکەی 10.7 ملیۆن دۆلار) بڵاوکردەوە کە لەناو بۆرییەکانی ئاوەڕۆی ژێر زەویدا شاردرابوونەوە.
ئەم دەستبەسەرداگرتنانە لە چوارچێوەی ئۆپەراسیۆنێکی بەرفراوانی دژە گەندەڵی بە ناوی "ئۆپەراسیۆنی بەرەبەیان" دێن، کە لە کۆتایی مانگی حوزەیرانەوە لەسەر ڕاسپاردەی عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق دەستیپێکردووە.
ئۆپەراسیۆنەکە دوای دانپێدانانەکانی عەدنان جومەیلی هات، کە لە مانگی ئایاردا بە تۆمەتی گەندەڵی و بەهەدەردانی سامانی گشتی دەستگیرکرا.
لە چوارچێوەی ئەم ئۆپەراسیۆنەدا هێزە ئەمنییەکان چوونە ناو ناوچەی سەوزی بەغدا و تاوەکو ئێستا فەرمیانە دەستگیرکردنی 21 بەرپرسی باڵا و پەرلەمانتار پشتڕاستکراوەتەوە.
ئەم ئۆپەراسیۆنە بەرفراوانەی حکومەتی عێراق دژی گەندەڵی، پشتیوانییەکی بەرفراوانی جەماوەری و سیاسیی لە سەرانسەری عێراقدا لێکەوتووەتەوە.