محەممەد سلێمان، سەرۆکی بەتەمەنی پەرلەمانی کوردستان (لە پشکی نەوەی نوێ) کە سەرۆکایەتیی دانیشتنی یەکەمی خولی شەشەمی پەرلەمانی کردبوو، لە پەیامێکدا ڕایگەیاند که ئەگەر لایەنە سیاسییەکان ئامادەیی خۆیان بۆ کاراکردنەوەی پەرلەمان نیشان بدەن، ئەوا ئەوان ئامادەن دەستبەجێ بانگهێشتی کۆبوونەوەی پەرلەمان بکەن.
ئەم پەیامە لە کاتێکدایە کە هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان لە ٢٠ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٤ بەڕێوەچوو و لە ٢ی کانوونی یەکەمی ٢٠٢٤ یەکەمین دانیشتنی پەرلەمان ئەنجام درا، بەڵام بەهۆی ڕێکنەکەوتنی لایەنە سیاسییەکان لەسەر هەڵبژاردنی دەستەی سەرۆکایەتی، کۆبوونەوەکە بە کراوەیی ماوەتەوە و تاوەکو ئێستا هیچ کۆبوونەوەیەکی تر نەکراوە.
هاوکات، ئەمڕۆ مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە گوتارێکدا لە ئاهەنگی دەرچووانی زانکۆی دهۆک، نیگەرانیی قووڵی خۆی لە دواکەوتنی پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەت دەربڕی و جەختی کردەوە که "سەبری ئێمەش سنوورێکی هەیە و نابێت چیدی لە هیچ هێزێکی سیاسی قبووڵ بکرێت یاری بە چارەنووسی میللەتەکەمان بکات".
جێی باسە لەو هەڵبژاردنەدا، پارتی دیموکراتی کوردستان ٣٩ کورسی، یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان ٢٣ کورسی و جووڵانەوەی نەوەی نوێ ١٥ کورسییان بەدەست هێنابوو.