ڕاستەوخۆ

تونجەر باکرهان: گەڕانەوەی گەریلاکان پێویستی بە زەمینەی یاسایی و گەرەنتی هەیە

reset font size increase font size

 

تونجەر باکرهان، هاوسەرۆکی پارتی دیموکراسیی یەکسانی و گەلان (دەم پارتی)، لە لێدوانێکدا بۆ ڕۆژنامەی "ئەڤرنسەل" هەڵسەنگاندنی بۆ دوایین پەرەسەندنەکانی پرۆسەی ئاشتی و پێشهاتە سیاسییەکان کرد و جەختی لەوە کردەوە کە بۆ سەرکەوتنی پرۆسەکە، دەبێت هەنگاوە تەکنیکی و سیاسییەکان بە خێرایی بچنە بواری جێبەجێکردنەوە.

مەترسیی دروستبوونی بۆشایی سیاسی

باکرهان هۆشداری دا لەوەی کە "ئەگەر خاوکردنەوەی تەکنیکی بۆ پڕۆسەکە بگۆڕێت بۆ پاشخستنی سیاسی، ئەوا پرۆسەکە تووشی داخوران دەبێت"، و جەختی کردەوە که‌ پێویستە دامەزراوەکانی تایبەت بە پرۆسەکە بە زووترین کات پێک بهێنرێن، میکانیزمەکانی چەکدانان و گەڕانەوە ببنە کارێکی کۆنکرێتی، چونکە "لە سیاسەتدا بواری بەتاڵ بوونی نییە و ئەگەر سیاسەت بۆشایی دروست بکات، ئەوا گومان و پڕوپاگەندە ئەو شوێنە پڕ دەکەنەوە."

کات و ڕێڕەوی پرۆسەکە

 ناوبراو ئاماژەی بەوە دا که‌ ململانێیەکی چل ساڵە بە پێوانەی دوو ساڵی ڕابردوو ناپێورێت، هەرچەندە قۆناغەکە گۆڕانکاریی گەورەی بەخۆیەوە بینیوە و پرۆسەکە لە دابڕانەوە گواستراوەتەوە بۆ ناو پەرلەمان، بەڵام پێویستە ئێستا چوارچێوەی یاسایی و کارکردنی دامەزراوەکان خێراتر بکرێت.

پرسی گەڕانەوە

سەبارەت بە کاتی گەڕانەوەی گەریلاکان، باکرهان هیوای خواست کە یەکەم هەنگاوەکانی گەڕانەوە پێش وەرزە سەرماکان دەست پێ بکەن، بەڵام جەختی کردەوە کە گەڕانەوە تەنها بە گوتنی "وەرنەوە" ناکرێت، بەڵکو پێویستی بە زەمینەی یاسایی، کۆمەڵایەتی و گەرەنتیی تەواو هەیە بۆ ئەوەی خەڵک لە داهاتووی خۆیان دڵنیا بن.

ڕۆڵی عەبدوڵڵا ئۆجالان

باکرهان دووپاتی کردەوە که‌‌ عەبدوڵڵا ئۆجەلان وەک سەرکردەی سەرەکی و مەرجی سەرکەوتنی ئەم پرۆسەیە ڕۆڵ دەگێڕێت، و بۆ ئەوەی بتوانێت لە پرۆسەی چەکدانان و سیماکانی ئاشتیدا بە شێوەیەکی کارا بەشداری بکات، پێویستە هەم پێگەی یاسایی بناسرێت و هەمیش مەرج و ئازادیی کارکردن و پەیوەندیکردنی بۆ دابین بکرێت.

پرسی دەمیرتاش و تێکەڵنەکردنی بابەتەکان

لە وەڵامی پرسیارێک لەسەر لێدوانەکانی ئۆزگور ئۆزەل و بەراوردکردنی نێوان دۆخی ئۆجەلان و سەلاحەدین دەمیرتاشدا، بەکیرخان ڕایگەیاند که‌ دروستکردنی هاوکێشەیەک کە تێیدا ئەم دوو کەسایەتییە بخرێنە بەرانبەر یەکدی، هەڵەیە.

 ناوبراو جەختی کردەوە کە ئازادکردنی سەلاحەدین دەمیرتاش و فێگەن یوکسەکداغ "خەڵات نییە، بەڵکو قەرز و ئەرکێکی یاساییە" و دەبێت لە دۆسیەی سەرەکیی پرۆسەی ئاشتی جیا بکرێتەوە.

 

بابەتە پەیوەندیدارەکان

دەربارەی ئێمە

پەیوەندیکردن

TV

  • Frequency: 12687 H 27500 (Nilesat)
  • Frequency: 11296 H 27500 (Hotbird)

تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان

© 2026 – NÛÇE TV هەموو مافەکان پارێزراون.