تونجەر باکرهان، هاوسەرۆکی گشتیی پارتی وەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی) ڕایگەیاند، تاکە ڕێگە بۆ خۆپاراستن لە شەڕ و بارگرژییەکان بونیاتنانی دیموکراسییە و جەختی کردەوە کە یاسای چوارچێوە دەبێتە سەرەتایەک بۆ دەستپێکردنی پرۆسەی ئاشتی.
لە میانی وتارێکیدا لە کۆنگرەی حزبەکەی لە شاری مێرسین، باکرهان ئاماژەی بەوە کرد کە یاسای چوارچێوە کۆتایی بە ئازاری 50 ساڵەی ڕابردوو دەهێنێت و زەمینەی یاسایی بۆ سیاسەتی دیموکراتیکانە واڵا دەکات.
ڕاشیگەیاند کە تێکۆشانی ڕاستەقینەی ئەوان دوای دەرچوونی یاساکە دەست پێدەکات.
سەبارەت بە ڕۆڵی حزبەکەی لەم قۆناغەدا، باکرهان گوتی: "ڕۆڵی دەم پارتی لە پرۆسەکەدا ئەرێنی دەبێت و ئێمە ئەو لایەنە دەبین کە ڕێگە بۆ پەرەسەندنی پرۆسەی ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتیک خۆش دەکەین."
هاوکات هاوسەرۆکی دەم پارتی مەرجی حزبەکەی بۆ یاساکە دووپات کردەوە و ڕایگەیاند:
"نابێت یاسای چوارچێوە جیاکاری لەنێوان ئەندامانی ڕێکخستندا لەخۆبگرێت و دەبێت یاساکە بە شێوەیەکی گشتگیر بۆ هەمووان ئامادە بکرێت."