ئایشەگوڵ دۆغان، گوتەبێژی پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی) لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ئاشکرای کرد، ئامادەکارییەکان بۆ ئامادەکردنی ڕەشنووسی "یاسای چوارچێوە" گەیشتووەتە قۆناغی کۆتایی و هەوڵەکان بەردەوامن بۆ بەدەستهێنانی سازانی سیاسیی فرەوان تا ڕەشنووسەکە پێشکەشی پەرلەمانی تورکیا بکرێت.
گوتەبێژی دەم پارتی ئاماژەی بە سەردانەکەی شاندی ئیمڕاڵی بۆ لای عەبدوڵڵا ئۆجەلان کرد و ڕوونی کردەوە، لە کۆبوونەوەکەدا راوێژکاریی ورد سەبارەت بەم چوارچێوە یاساییە کراوە و ئۆجالان جەختی لە بەردەوامیی هەوڵە سەرەتاییەکانی خۆی کردووەتەوە بۆ نەهێشتنی چەقبەستوویی لە پرۆسەی ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتیکدا.
ئایشەگوڵ دۆغان بە ئاماژەدان بە سەردانەکانی نومان کورتولموش، سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا بۆ لای پارتە سیاسییەکان رایگەیاند، تا ئێستا خشتەیەکی زەمەنیی دیاریکراو بۆ هێنانی ڕەشنووسەکە بۆ پەرلەمان ڕانەگەیەندراوە، بەڵام پێویستە بە خێرایی ئەنجام بدرێت. جەختیشی کردەوە، ئەم یاسایە وەک "یاسای بنەڕەتی" ئەژمار دەکرێت و دەبێتە ڕێگەخۆشکەر و سەرچاوە بۆ زنجیرەیەک دەستکاریی یاسایی لە ئایندەدا، کە دڵنیایی بە پرۆسەی چارهسهری دیموکراتیک دەبەخشێت و بێ ئومێدی و ناڕوونیی یاسایی دوو ساڵی ڕابردوو دەڕەوێنێتەوە.
گوتەبێژی دەم پارتی داوای لە دەزگاکانی ڕاگەیاندن کرد، ئاراستەیەکی ئەرێنی لە دارشتنی هەواڵەکاندا بگرنە بەر و ڕایگەیاند، هاوسەرۆکانی دەم پارتی لە ڕۆژی دووشەممەی داهاتووەوە زنجیرەیەک سەردانی فەرمی بۆ لای پارتەکانی دەسەڵات و ئۆپۆزسیۆن دەست پێ دەکەن، بە مەبەستی ڕاوێژ و ئاڵوگۆڕی بیروڕا دەربارەی ئەم قۆناغە نوێیە.