سەرۆکی فراکسیۆنی دەم پارتی لە پەرلەمانی تورکیا ڕایگەیاند، دارشتنی "یاسای چوارچێوە" دەبێتە یەکەم هەنگاوی کرداری بۆ دەستپێکردنی قۆناغێکی نوێی سیاسی، جەختیشی کردەوە کە پێویستە دەستەیەکی تایبەت بە چاودێریکردنی پرۆسەی ئاشتی دابمەزرێت و ئەو یاسایانەی ئاستەنگ لەبەرامبەر دیموکراسی دروستدەکەن هەموار بكرێنەوە.
لە میانەی کۆنفڕانسێکی ڕۆژنامەنووسیدا، گوڵستان کڵچ کۆچیغیت، سەرۆکی فراکسیۆنی دەم پارتی ڕایگەیاند لەم هەفتەیەوە زنجیرەیەک دیداری سیاسی لەگەڵ لایەنە جیاوازەکانی تورکیا ئەنجام دەدەن بە مەبەستی ئامادەکردنی یاسای چوارچێوە، کە بە بڕوای ئەوان پێویستە لەسەر بنەمای تێگەیشتن و ڕێککەوتنی هاوبەشی هەموو لایەنەکان بنوسرێتەوە.
سەرۆکی فراکسیۆنی دەم پارتی جەختی لەوەش کردەوە کە لە ئێستادا هەلێکی مێژوویی هاتووەتە پێشەوە و ڕایگەیاند: "پێویستە لایەنەکان لە بەرژەوەندیی تەسکی حزبی دووربکەونەوە و بەرپرسیارێتی مێژوویی خۆیان لە بەرامبەر پرۆسەی ئاشتی و داڕشتنی کۆمەڵگەیەکی دیموکراتیک جێبەجێ بکەن."