کۆبوونەوەی گشتیی پەرلەمانی تورکیا بە سەرۆکایەتیی جەلال ئادان، پەرلەمانتاری مەهەپە و بۆ تاوتوێکردنی پڕۆژەیاسای ناسراو بە "یاسای چوارچێوە" (پڕۆژەیاسای بەهێزکردنی هاوسۆزیی نیشتمانی و تێکەڵاوبوونی کۆمەڵایەتی) دەستی پێ کرد.
تێیدا سەرکردە و پارتە سیاسییەکان هەڵوێستی فەرمیی خۆیان خستە ڕوو.
بەگوێرەی پێشنیارێکی پارتى داد و گەشەپێدان (ئاکپارتی) کە لە پەرلەمان پەسەند کرا، دانیشتنەکانی پەرلەمان تاوەکو تەواوبوونی پڕۆژەیاساکە بەردەوام دەبن و بڕیارە تاوەکو ڕۆژی ١٢ی ئاب دەنگی لەسەر بدرێت.
لەم دانیشتنە هەستیارەدا کە دەوڵەت باخچەلی، سەرۆکی مەهەپە، بە شێوەیەکی فەرمی بەشداریی تێدا کرد، نوێنەرانی پارتە سیاسییەکان ئەم تێڕوانینانەیان خستە ڕوو:
ئاکپارتی:
عەبدولحەمید گۆڵ، سەرۆکی فراکسیۆن، جەختی کردەوە کە پەرلەمان لەرێگەی ئەم ڕێکخستنەوەوە پەرە بە یەکڕیزی و پێکەوەژیانی نیشتمانی لە تورکیا دەدات.
دەم پارتی:
گوڵستان کڵچ کۆچیغیت پڕۆژەکەی وەک دەرفەتێکی مێژوویی بۆ داهاتووی هاوبەشی تورکیا و دەستپێکێکی گرنگ بۆ دووبارە بنیاتنانەوەی دیموکراتی وەسف کرد، بەڵام داوای کرد کە مافەکان، بڕیارەکانی دادگای مافی مرۆڤی ئەوروپا و ئازادییەکان بە تەنیا بەم یاسایە نەبەسترێنەوە و پەرەیان پێ بدرێت.
پارتی نوێ:
سەڵچوق ئۆزداغ بە "ئەرێنی و بە ئاراستەیەکی تمووحاوی" پڕۆژەکەی ناو برد و جەختی کردەوە کە پێویستە دەرفەتەکە بە تەمەنێکی سیاسیی پاک و هۆشیارییەوە بقۆزرێتەوە بۆ کردنەوەی پەڕەیەکی نوێ.