مستەفا قەرەسوو، ئەندامی کۆنسەی بەڕێوەبەری کۆما جڤاتێن کوردستان (کەجەکە)، ڕایگەیاند کە چاوەڕوان دەکرێت لە قۆناغەکانی داهاتوودا دیدار و چاوپێکەوتنی ڕاستەوخۆ لەگەڵ عەبدوڵڵا ئۆجالان، ڕێبەری پەکەکە، ئەنجام بدرێت و جەختیشی کردەوە کە چارەسەرکردنی پرسی کورد تەنها لەسەر بنەمای دیموکراتیزەکردن دەکرێت.
لە چاوپێکەوتنێکی تەلەڤزیۆنیدا، قەرەسوو ئاماژەی بەوە دا کە لە چوارچێوەی پرۆسەی ئاشتیدا چەندین دیداریان لەگەڵ شاندەکانی حکوومەتی تورکیا و دەم پارتی ئەنجام داوە، و ئەوان بزووتنەوەیەک نین لە ژێر کۆنتڕۆڵی کەمپەکاندا بمێننەوە، بەڵکو دەیانەوێت ڕاستەوخۆ بەشداریی تێکۆشانی سیاسی لە تورکیادا بکەن.
سەبارەت بە یاسای چوارچێوە، ناوبراو ڕای گەیاند کە هەرچەندە سەرنج و پێشنیازیان هەبووە، بەڵام هەرگیز یاسای چوارچێوەیان ڕەت نەکردووەتەوە و دەبێت پرسی کورد لە دەرەوەی دەستەواژەی "تیرۆر" پێناسە بکرێت.
هەروەها سەبارەت بە پرسی ئاوارەکانی مەخموریش جەختی کردەوە کە گەڕانەوەیان بۆ باکووری کوردستان تەنها لە چوارچێوەی چارەسەرێکی دیموکراتیک و بە شێوەیەک کە بە ئازادی و بێ گوشار بگەنە زێدی خۆیان، جێبەجێ دەبێت.