موحسین پاکنەژاد، وەزیری نەوتی ئێران لە پۆستەکەی دەستی لەکارکێشایەوە و مەسعود پزیشکیان، سەرۆککۆماری ئێران دەستلەکارکێشانەوەکەی پەسەند کرد، هاوکات حەمید بۆرد وەک سەرپەرشتیاری نوێی وەزارەتی نەوت دەستنیشان کرا.
مەهدی تەباتەبایی، جێگری بەڕێوەبەری نووسینگەی سەرۆککۆماری ئێران لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس هەواڵەکەی ڕاگەیاند و ئاماژەی بەوەدا، حەمید بۆرد، کە پێشتر پۆستی بەڕێوەبەری کۆمپانیای نیشتمانیی بەرهەمە نەوتییەکانی بەڕێوە بردووە، بە فەرمانی سەرۆککۆمار بۆ ئەو پۆستە دیاری کراوە.
دەستلەکارکێشانەوەی وەزیری نەوتی ئێران لە کاتێکدایە، کەرتی نەوتی ئەو وڵاتە بەهۆی ئاڵۆزییە سەربازییەکانی نێوان واشنتن و تاران و سەپاندنی گەمارۆیەکی سەرتاسەریی دەریایی لەلایەن ئەمریکاوە لە کەنداو و تەنگەی هورمز، ڕووبەڕووی قورسترین دۆخی مێژوویی خۆی بووەتەوە بە ئامانجی سفرکردنەوەی داهاتی نەوتی تاران.