لە سایەی بەرزبوونەوەی گرژییە سەربازییەکانی نێوان تاران و واشنتن، ئەندامێکی لیژنەی ئاسایشی نیشتمانی و سیاسەتی دەرەوە لە پەرلەمانی ئێران هۆشدارییەکی توند دەداتە بەرپرسانی وڵاتەکەی و ڕایدەگەیەنێت، کە جەنگ بەرەو قۆناغێکی فراوانتر هەنگاو دەنێت و کاتی ئەوە هاتووە ئێران چەکی ئەتۆمی بەرهەم بهێنێت.
ئەحمەد بەخشایش، ئەندامی لیژنەی ئاسایش لە پەرلەمانی ئێران لە لێدوانێکی نوێدا ڕایگەیاند، لە ڕۆژانی داهاتوودا، شەڕ و پێکدادانە ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆکانی نێوان کۆماری ئیسلامیی ئێران و ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا ڕەهەندێکی یەکجار بەرفراوانتر و مەترسیدارتر بەخۆوە دەبینن.
پەرلەمانتارەکەی ئێران ئاماژەی بەوەدا، هیچ کام لە لایەنەکان نایانەوێت بچنە ناو شەڕێکی درێژخایەنی بێ کۆتاییەوە، چونکە لە لایەکەوە ئەمریکا ناتوانێت بە ئاسانی سیستمی سیاسیی ئێران لەناو ببات، لە لایەکی دیکەشەوە ئێرانیش توانای وەشاندنی گورزی ڕاستەوخۆ و یەکلاکەرەوەی لە ناوخۆی خاک یان پێگە سەرەکییەکانی ئەمریکادا نییە.
بە گوتەی ئەم پەرلەمانتارە، ئێران ناچار دەبێت بۆ هاوسەنگکردنی هێز، شەڕەکە پەل پێبکێشێت بۆ ناوچەکە، ئەمەش دەبێتە هۆی تێوەگلانی ڕاستەوخۆی چەند وڵاتێکی دیکەی ناوچەکە لەم ململانێیەدا.
ئەم ئەندامەی لیژنەی ئاسایشی پەرلەمان تیشکی خستە سەر دۆسیە ئەتۆمییەکەی وڵاتەکەی و ڕایگەیاند، ئێستا کاتێکی گونجاوە بۆ ئەوەی ئێران بڕیاری کۆتایی بدات و بۆمبی ئەتۆمی دروست بکات.
جەختی لەوەش کردەوە ئێران لە ساڵانی ڕابردوودا بەهۆی بەرنامە ئەتۆمییەکەیەوە تا ئەو شوێنەی پێویست بووە باج و سزای قورسی ئابووری و سیاسیی داوە، بۆیە پێویستە بۆ پاراستنی ئاسایشی نیشتمانیی خۆی چەکی ئەتۆمی بەدەست بهێنێت.