سەرەڕای گرژی و ئاڵۆزییەکان، کەرتی گەشتوگوزار لە پارێزگای کرماشانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان گەشەکردنێکی بەرچاو بەخۆوە دەبینێت و ئاماری گەشتیارانی بیانی لەو پارێزگایەدا سەرجەم پێشبینی و ئامانجە دیاریکراوەکانی حکومەتی تێپەڕاندووە.
فەهیمە ڕەوشەن، جێگری گەشتوگوزاری پارێزگای کرماشان لە لێدوانێکدا ڕایگەیاند، کە لە ماوەی ساڵی ڕابردوودا 218 هەزار گەشتیاری بیانی سەردانی پارێزگاکەیان کردووە. ناوبراو ئاماژەی بەوەش کرد، زۆرینەی هەرە زۆری ئەم گەشتیارانە لە عێراق و هەرێمی کوردستانەوە ڕوویان لە پارێزگاکە کردووە.
جێگری گەشتوگوزاری کرماشان ڕوونی کردەوە، کەمتر لە نیوەی ئەو گەشتیارە عێراقیانە لە ناوخۆی پارێزگای کرماشاندا دەمێننەوە، لە کاتێکدا بەشەکەی دیکەیان کرماشان وەک وێستگەیەکی ڕگوزەر بەکاردەهێنن و بە مەبەستی زیارەتی ئاینی یان وەرگرتنی چارەسەری پزیشکی بەرەو شارەکانی وەک تاران، مەشهەد و شیراز بەڕێ دەکەون.
فەهیمە ڕەوشەن جەختی لەسەر پێویستیی ڕاکێشانی زیاتری گەشتیاران و بەرزکردنەوەی پشکی کرماشان لە گەشتوگوزاری تەندروستیدا کردەوە. بۆ ئەم مەبەستەش، پەردەی لەسەر چەند پڕۆژە و پلانێکی ستراتیژی لادا، کە لە داهاتوودا جێبەجێ دەکرێن، لەوانە، دروستکردنی بنکە و وێستگەی نوێی گەشتیاری لەسەر سنوورە هاوبەشەکانی نێوان پارێزگای کرماشان و پارێزگای سلێمانی.
هەروەها دروستکردنی هێڵێکی کلتوری و گەشتیاریی هاوبەش، کە شارەکانی هەولێر، مەریوان، پاوە و کرماشان پێکەوە دەبەستێتەوە. ئەنجامدانی پڕۆژەی هاوبەشی گەشتیاری وەک گەشتی تاقوەسان بۆ هەولێر و فێستیڤاڵی شەوانی کلتوریی کرماشان لە شاری سلێمانی بە مەبەستی لێک نزیکردنەوەی زیاتری توانا گەشتیارییەکانی هەردوولا.