ئیبراهیم شێخۆ، چالاکوانی مافەکانی مرۆڤ ڕایگەیاند، هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆی سەر بە حکومەتی کاتیی سوریا چوار گەنجی کوردیان لە گەڕەکی شێخ مەقسوودی شاری حەلەب دەستگیر کردووە.
بە گوتەی ئیبراهیم شێخۆ، مەفرەزەیەکی سەر بە دەزگای ئاسایشی گشتی ڕۆژی یەکشەممە هەڵیانکوتاوەتە سەر گەڕەکەکە و ئەو چوار گەنجەیان بۆ بنکەی سەرەکیی خۆیان لە گەڕەکی ئەشرەفییە گواستووەتەوە، بێ ئەوەی تاوەکو ئێستا هۆکاری دەستگیرکردنەکەیان ڕوون بکرێتەوە.
ئەم چالاکوانە ئاماژەی بەوەش کرد، یەکێک لە دەستگیرکراوەکان ناوی بەشار حسێن عوسمانە. هەروەها ڕوونی کردەوە، کردەی دەستگیرکردنەکە لەلایەن مەفرەزەیەکی جلوبەرگ مەدەنییەوە ئەنجام دراوە و گومان دەکرێت سەر بە دەزگای هەواڵگریی ڕژێم یان گرووپە چەکدارەکانی ناوچەکە بێت، کە ئەمەش نیگەرانییەکانی لەسەر دۆخی مافی مرۆڤ و ئاسایشی دانیشتووانی کورد لەو گەڕەکانەی حەلەب زیاتر کردووە.