لێژنەی کۆچبەرانی سەرێکانی بەیاننامەیەکی نووسراوی بڵاوکردەوە و تێیدا جەخت لەسەر بەردەوامبوونی پرۆسەی گەڕانەوەی ئاوارەکان دەکاتەوە، داواش دەکات مەرجە ئەمنی، یاسایی و خزمەتگوزارییە پێویستەکان بۆ پاراستن و دابینکردنی ژیانێکی سەلامەت بۆ گەڕاونەتەوەکان مسۆگەر بکرێن.
لە بەیاننامەکەدا هاتووە کە گەڕانەوەی دانیشتووانی ڕەسەنی سەرێکانی بۆ ناوچە و ماڵ و حاڵی خۆیان مافێکی ڕەوایە، و وێڕای ئاماژەدان بەو ئازارە مرۆیی، کۆمەڵایەتی و ئابوورییانەی کە ئاوارەکان ساڵانێکە لە کەمپەکاندا دەچێژن، جەخت لەوە کراوەتەوە کە هەنگاوە کردارییەکانی وەکو ڕێکخستنی کاروانی گەڕانەوە و داخستنی قوتابخانەکانی کەمپەکان، بووەتە هۆی ئەوەی هەزاران قوتابی لە خوێندن بێبەش ببن.
لێژنەکە داوای لە دەسەڵاتدارانی ئەمنی و کارگێڕیی دیمەشق، پارێزگاری حەسەکە و ئیدارەی ناوچەی سەرێکانی کردووە ئەم خاڵانە جێبەجێ بکەن:
بەردەوامیی گەڕانەوە: ڕێکخستنی کاروانەکان بە شێوەیەکی سەلامەت، دانانی لیستی روونی گرووپەکان و دوورخستنەوەی هەر دواکەوتنێک لە پرۆسەکەدا.
لابردنی بەربەستەکان: بەپەلە دەستنیشانکردن و لابردنی بەربەستە سەرەکییەکانی بەردەم گەڕانەوە، و هەنگاونانی کردەیی بۆ پاراستنی ئاسایش و سەقامگیریی گەڕاوەکان.
دابینکردنی خزمەتگوزارییەکان: گەڕاندنەوەی موڵک و ماڵ، دووکان و زەوی کشتوکاڵی بۆ خاوەنەکانیان، لەگەڵ دابینکردنی خزمەتگوزارییە سەرەتاییەکان وەکو ئاو، کارەبا، پەروەردە، تەندروستی و ئاسایش.
مسۆگەرکردنی پاراستن: پێدانەوەی گەرەنتی بۆ ئەوەی جارێکی تر هێرش نەکرێتە سەر گیان و موڵکی هاووڵاتییان و ڕێز لە کەرامەتیان بگیرێت.
کردنەوەی ڕێگا فەرمییەکان: ئاسانکاری بۆ گەڕانەوەی هەموو خەڵکی سەرێکانی بێ جیاوازی و بەستنەوەی ڕاستەوخۆی ناوچەکە بە پارێزگای حەسەکەوە.
هەماهەنگی و هاوکاریی نێودەوڵەتی: دروستکردنی هەماهەنگیی ڕاستەوخۆ لەگەڵ لێژنەی ئاوارەکان بۆ چارەسەرکردنی خێرای کێشەکان، و داواکردنی هاوکاری لە ڕێکخراوە نێودەوڵەتی و ناوخۆییەکان بۆ دابینکردنی پرۆژەی بەردەوام و داڕشتنی پلانی گونجاو بۆ داخستنی کەمپەکان.