گەنجێک لە قەزای بنەسڵاوەی سەر بە پارێزگای هەولێر بە دەستڕێژی گوللە کوژرا و پۆلیسی هەولێریش ڕایگەیاند، پەڕاوی لێکۆڵینەوە بۆ ڕووداوەکە کراوەتەوە و بەدوای تۆمەتباردا دەگەڕێن.
موقەدەم کیفاح حەسەن، گوتەبێژی پۆلیسی پارێزگای هەولێر ڕایگەیاند، لە قەزای بنەسڵاوە گەنجێک بە دەستڕێژی گوللە کوژراوە و تەرمەکەی بۆ پزیشکی دادی هەولێر گوازراوەتەوە.
گوتەبێژی پۆلیس ئاماژەی بەوەدا، پۆلیس لە کاژمێر 9:00ـی شەو لە ڕووداوەکە ئاگادار کراوەتەوە و دەستبەجێ گەیشتوونەتە شوێنی مەبەست بۆ دەستپێکردنی لێکۆڵینەوە و سەبارەت بە هۆکار و ناسنامەی تۆمەتبارەکەش ڕوونیکردەوە، هێشتا تۆمەتبار دەستگیر نەکراوە و لێکۆڵینەوەکان بۆ دۆزینەوە و دەستگیرکردنی بەردەوامن.