رەشاد عەلیمی، سەرۆکی یەمەن دەستپێکردنی ئۆپراسیۆنێکی بەرفراوانی سەربازیی بۆ کۆنتڕۆڵکردنەوەی تەواوی ئەو ناوچانە ڕاگەیاند، کە لەژێر دەسەڵاتی حوسییەکانی سەر بە ئێراندان، ئەمەش پاش ئەوەی بە گوتەی خۆی سەرجەم دەرفەتەکانی ئاشتی لەلایەن حوسییەکانەوە فەرامۆش کراون.
لە گوتارێکی تەلەڤزیۆنیدا، رەشاد عەلیمی ئاماژەی بەوە کرد، حکومەت سەرجەم دەرفەتەکانی بۆ هێورکردنەوەی ڕەوشەکە و بەدیهێنانی ئاشتی بەکار هێناوە، بەڵام حوسییەکان سوودیان لەو دەرفەتانە وەرنەگرتووە، لەبەر ئەوە داوای لە سەرجەم هێزە چەکدارەکان و دەزگا ئەمنییەکان کرد بە گوێرەی پلانە داڕێژراوەکان دەست بە جێبەجێکردنی ئەرکەکانیان بکەن تاوەکو تەواوی خاکەکەیان ئازاد دەکرێت.
ئەم ڕاگەیاندنە لە کاتێکدایە، لە ئێستادا شەڕ و ئاڵۆزییەکان لە ڕووبەرێکی فراوانی سەر بە شاری تەعز و دەوروبەری ڕوویان لە زیادبوون کردووە و هێزەکانی حکومەتی یەمەن هەوڵی وەڵامدانەوەی پێشڕەوییەکانی ئەم دواییەی حوسییەکان دەدەن.