د. پاوان سیروان دزەیی، پسپۆڕی فیسیۆلۆژیی جەستە و توێژەری مێشکی رۆبۆتی لە ئیتاڵیا، لە ریزبەندی نێودەوڵەتیی (Top 1000 Scholar)دا پلەی 28ـەمینی لە بواری (کەناڵ و وەرگرەکانی ئایۆنەکان لەنێو پەردەی خانە) لە جیهاندا بەدەستهێنا.
بە گوێرەی هەڵسەنگاندنە جیهانییەکە، ناوبراو کار لەسەر دروستکردن و بەرهەمهێنانی مێشکی دیجیتاڵی بۆ دەستنیشانکردن و چارەسەری نەخۆشییەکان دەکات، توانیویەتی نمرەی کاریگەریی (Impact Score) 94.34 بەدەستبێنێت، کە ئەمەش پشت بە کاریگەریی توێژینەوەکان، بەرهەمهێنانی بیرۆکەی نوێ، بەردەوامیی کاری زانستی و رۆڵی لە بەرەوپێشچوونی زانست لە ماوەی ساڵانی 2021-2025 دەبەستێت.
د. پاوان سیروان دزەیی لە بوارەکانی فیسیۆلۆژیی جەستە، فیسیۆلۆژیی دەماری و توێژینەوە لەسەر نوێبوونەوەی خانەکانی مێشک و میکانیزمی خانەکان چەندین توێژینەوەی لە گۆڤاری ئاستبەرزدا بڵاو کردووەتەوە.