لێکۆڵینەوەیەکی نوێی پزیشکی ئاشکرای دەکات، گۆڕانی کەشوهەوا و بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرما کاریگەریی ڕاستەوخۆیان لەسەر بڵاوبوونەوە و گەشەکردنی ئەو بەکتریانە هەیە، کە لە بەرانبەر دەرمانەکانی دژەهەوکردندا خۆراگرن.
زانایانی پزیشکی دوای پشکنینی زیاتر لە 480 هەزار جینۆمی بەکتریای سالمۆنێلا لە نێوان ساڵانی 1940 بۆ 2023 بەو ئەنجامە گەیشتوون، کە ڕێژەی بەرگریی بەکتریاکان بە ڕێژەی 38% زیادی کردووە، ئەمەش بەشێکی بەهۆی گۆڕانی کەشوهەواوە بووە.
بە گوێرەی لێکۆڵینەوەکە، گەرمای بەرز و لافاو و وشکەساڵی ژینگەیەکی لەبار بۆ گواستنەوەی خێرای جینەکان و کۆبوونەوەی پاشماوەی دژەهەوکان لە ئاودا دروست دەکەن، هاوکات زانایانی کەشوهەوا هۆشداری دەدەن کە ئەگەری هەیە ئەمساڵ دیاردەی "سوپەر ئێڵ نینیۆ" دەست پێبکات، کە هێمایە بۆ سەرهەڵدانی شەپۆلێکی نوێی گەرما و لافاو و وشکەساڵی لە جیهاندا.
لێکۆڵینەوەکە جەخت دەکاتەوە، تەنیا ڕێگە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئەم مەترسییە تەندروستییە، کەمکردنەوەی گازە ژەهراوییەکان و کۆنتڕۆڵکردنی بەکارهێنانی دەرمانی دژەهەوکردنە لە سەرانسەری جیهاندا.