وەزارەتی تەندروستیی عێراق ڕایگەیاند، لە سەرەتای ئەمساڵەوە نزیکەی ٢٧٠ حاڵەتی تووشبوون بە تای خوێنبەربوون تۆمارکراون، کە لەو ژمارەیەش ١٧ کەس بەهۆی نەخۆشییەکەوە گیانیان لەدەستداوە.
بەپێی ئامارەکانی وەزارەتەکە، پارێزگای زیقار لە باشووری عێراق بە تۆمارکردنی ١٠٩ تووشبوو لە پلەی یەکەمدایە و سەرجەم ١٧ حاڵەتی گیانلەدەستدانەکەش هەر لەو پارێزگایە تۆمارکراون.
وەزارەتی تەندروستی داوا لە هاونیشتمانیان دەکات پابەندی ڕێکارە خۆپارێزییەکان بن؛ بە جۆرێک کە گۆشت تەنیا لە سەربڕینخانە مۆڵەتپێدراوەکان بکڕن، لە کاتی مامەڵەکردن لەگەڵ ئاژەڵدا دەستکێش بەکاربهێنن و پێش خواردنیش گۆشت بە باشی بکوڵێنن.
هاوکات جەختیشی کردەوە کە ڕێگریکردن لە سەربڕینی هەڕەمەکی لە نێو گەڕەکەکاندا، لە ئەستۆی وەزارەتی کشتوکاڵ، شارەوانییەکان و دەزگا ئەمنییەکاندایە.