گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران ڕایگەیاند، وڵاتەکەی هێرشی نەکردووەتە سەر هیچ کام لە وڵاتانی ناوچەکە و هێرشیش ناکاتە سەر وڵاتانی دراوسێ؛ جەختیشیکردەوە کە هێرشەکانی ئەمدواییەیان تەنیا ئەو بنکە سەربازییانەی ئەمریکای گرتووەتەوە کە خاکەکەیان دژی ئێران بەکارهێنراوە.
ئەم لێدوانەی ئیسماعیل بەقایی، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران لە کاتێکدایە کە پێشتر سوپای وڵاتەکە بە فەرمی ڕایگەیاندبوو، هێرشی موشەکی و درۆنییان کردووەتە سەر پێگە و بنکە سەربازییەکانی ئەمریکا لە وڵاتانی ئوردن، بەحرەین، عومان، قەتەر و کوێت.
بەقایی لەوبارەیەوە گوتی، پێویستە وشەکان بە دروستی بەکاربهێنرێن، چونکە هێرشەکانی ئێران تەنیا وەک پەرچەکردارێک بووە بۆ سەر ئەو بنکە و ناوەندە لۆجستییانەی ئەمریکا کە بۆ هێرشکردنە سەر ئێران بەکارهێنراون.
گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران ئاماژەی بەوەش کرد، تاران پێشتر چەندین جار داوای لە وڵاتانی ناوچەکە کردووە ڕێگە بە ئەمریکا و ئیسرائیل نەدەن خاک و ئاسمانیان بۆ ئەنجامدانی هێرش دژی ئێران بەکاربهێنن؛
هاوکات هۆشداریی توندی دایە وڵاتانی ناوچەکە و ڕایگەیاند، هێزە چەکدارەکانی ئێران لە وەڵامدانەوەی هەر دەستدرێژییەک بۆ سەر سەروەریی وڵاتەکەیان دوودڵ نابن.