محەممەدڕەزا نەقدی، ڕاوێژکاری باڵای فەرماندەی گشتیی سوپای پاسدارانی ئێران ڕایگەیاند، پەیوەندیی نێوان سوپای پاسداران و حکومەتی وڵاتەکەی لە "باشترین ئاستدایە"، و هۆشدارییەکی توندیدا بە ئەمریکا لە ئەگەری هەر هێرشێکدا باجێکی قورس دەدات، هاوکات هەڕەشەی کرد کە هێشتا نەچوونەتە ناو جەنگی ناهاوسەنگەوە کە مانهاتن و وۆڵ ستریت بگرێتەوە.
لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ کەناڵی (ئەلمەیادین)، لە وەڵامی لێدوانەکانی دۆناڵد ترەمپدا، کە باسی لە لەنێوبردنی زۆربەی مووشەکەکانی ئێران کردبوو، محەممەدڕەزا نەقدی ڕەتی کردەوە و گوتی زیاتر لە 90٪ی مووشەکەکان هێشتا ماون و ئەو مووشەکانەشی کە نەماون، ئەوانەن کە بەکارهاتوون و شوێنەکانیان بە مووشەکی نوێ پڕکراونەتەوە. ناوبراو ئاماژەی بەوەش کرد کە ئێستا کارگە و دامەزراوەکانیان بۆ شوێنی زۆر پارێزراو گواستووەتەوە و ئاستی بەرهەمهێنان لە ئاستی بەکارهێنانیان زیاترە.
سەبارەت بە ئەگەری پەرەسەندنی ململانێکان، ڕاوێژکارەکەی سوپای پاسداران هۆشداری دا و گوتی: "ئەوەی تاوەکو ئێستا کردوومانە، جەنگێکی کلاسیک بووە، هێشتا نەچووینەتە نێو جەنگێکی ناهاوسەنگەوە کە مانای جەنگە لە وۆڵ ستریت، مانهاتن و لە هەر شوێنێک و لە هەر کاتێکدا".
نەقدی لە کۆتاییدا جەختی کردەوە، ئامانجی سەرەکییان بەدەستهێنانی هێزی پێشپێگرتنە و ڕەخنەی لە ترەمپ گرت بەوەی جەنگەکان بۆ قازانجی بازاڕی پشکەکان و کەرتی نەوت ڕێکدەخات.