دوای هێرشە مووشەکییەکەی ئەمریکا بۆ سەر دوورگەی لارەک لە کەنداو، وەزارەتی دەرەوەی ئێران ڕایگەیاند کە هێزەکانیان بە مووشەک و درۆن بنکە سەربازییەکانی ئەمریکایان لە هەریەکە لە ئوردن و ئیمارات کردووەتە ئامانج.
تاران جەختی کردەوە کە ئەو بنکانەی لە ئوردن کراونەتە ئامانج، وەک لانکە بۆ دەستپێکردنی هێرش بۆ سەر خاکی ئێران بەکارهێنراون.
ئەم پەرەسەندنە توندە دوای ئەوە هات کە ئەمریکا سەکۆیەکی مووشەکیی سوپای پاسدارانی لە دوورگەی لارەک بۆردوومان کرد؛ هێرشێک کە بەپێی سەرچاوە ئێرانییەکان لانیکەم دوو کوژراو و دوو برینداری لێکەوتەوە و واشنتنیش هۆکارەکەی گەڕاندەوە بۆ هەڕەشەی ئەو سەکۆیانە لەسەر کەشتیوانیی نێودەوڵەتی لە گەرووی هورمز.
هاوکات لەگەڵ ئەم هێرشانەدا، سوپای ئوردن ڕایگەیاند کە سیستەمی بەرگریی ئاسمانیی وڵاتەکەیان توانیویەتی هەشت مووشەک لە ئاسمانی ولاتەکەیدا تێکشکێنێت، لە کاتێکدا دۆخی ناوچەکە بەهۆی تێکچوونی ڕێککەوتننامەکانی پێشوو لە نێوان تاران و واشنتندا بەرەو گرژییەکی بێوێنە هەنگاو دەنێت.