لقی سلێمانیی سەندیکای کرێکاران ڕای گەیاند؛ بەشی یاسایی پارێزگای سلێمانی بڕیاری دیاریکردنی کاتی کاری سەرتاشخانەکانی ڕەت کردوەتەوە، و تەنیا یەک ڕۆژ لە هەفتەدا وەک پشوو بۆ کارکردنیان دیاری دەکرێت.
دەرون ڕزگار، سەرۆکی لقی سلێمانیی سەندیکای کرێکاران، بە کوردسات نیوزی ڕاگەیاند؛ ئەو ڕاپرسییەی کە چەند هەفتەیەک لەمەوبەر سەبارەت بە دیاریکردنی کاتی کارکردنی سەرتاشخانەکان ئەنجام درابوو و تێیدا زۆرینەی سەرتاشەکان دەنگیان بەوە دا بوو کە کاتی کارکردنیان لە سەعات 8ی بەیانییەوە تا 8ی شەو بێت، لەلایەن بەشی یاسایی پارێزگای سلێمانییەوە ڕەت کرایەوە.
سەرۆکی سەندیکاکە ئاماژەی بەوەش دا که لەم قۆناغەدا بڕیار درا کە تەنیا ڕۆژێک لە هەفتەدا وەک ڕۆژی پشوو بۆ سەرتاشخانەکان دیاری بکرێت، بەڵام سەبارەت بە دیاریکردنی کاتی دەستپێکردن و کۆتاییهاتنی کاری ڕۆژانەیان، خاوەن سەرتاشخانەکان خۆیان سەرپشک دەبن.