بڕیارە سبەی بە مەبەستی قەیرانی کەمی و بەرزبوونەوەی نرخی بەنزین لە هەرێمی کوردستان، وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان لەگەڵ ئەنجوومەنی بەنزینخانەکان کۆببێتەوە. یەکێک لە داواکارییە سەرەکییەکانیش زیادکردنی بڕی ئەو نەوتە خاوەیە لە بەغداوە دەنێردرێت، لە 50 هەزار بەرمیلەوە بۆ 126 هەزار بەرمیل.
سالار محەممەد، لێپرسراوی لیژنەی پشکنین لە بەڕێوەبەرایەتیی نەوت و کانزاکانی هەولێر ڕایگەیاند، کۆبوونەوەکەی سبەی بۆ دۆزینەوەی چارەسەری بەپەلەیە. ئاماژەی بەوەش کرد، پێشنیازیان بۆ وەزیر کردووە یەکێک لە داواکارییەکان ئەوە بێت حکومەتی عێراق بەنزینی بازرگانییان پێ بدات، بە جۆرێک لە بەغدا بە 450 دینارە و لێرە بە 650 دینار بدرێتە هاوڵاتییان.
دیدار زوبێر، بازرگانی سووتەمەنی و ئەندامی ئەنجوومەنی بەنزینخانەکانی هەولێر ڕوونی کردەوە، پێویستیی ڕۆژانەی هەرێمی کوردستان لە هاویندا بۆ بەنزین شەش تا حەوت ملیۆن لیترە، بەڵام پێشتر حکومەت تەنیا توانای دابینکردنی ملیۆنێک و 750 هەزار لیتری هەبووە و بڕەکەی دیکە لە ئێران و باشووری عێراقەوە هاوردە کراوە کە لە ئێستادا ڕاگیراون.
کێشەی بەنزین لە 6ی حوزەیرانەوە دەستی پێ کرد، کە تێیدا نرخی لیتری بەنزینی نۆرماڵ تاوەکو هەزار و 175 دینار بەرز بووەوە. سەرەڕای هەوڵەکانی وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان لە 20ی تەممووز بۆ دیاریکردنی نرخ بە 850 دینار، بەڵام بەهۆی کەمیی بەرهەم ڕێنماییەکە جێبەجێ نەکرا و لە 28ی تەممووزەوە بازاڕ ئازاد کراوە و نرخەکان جیاوازن.