لە سنووری ئیدارەی ڕاپەڕین هێشتا هیچ ماڵێکی تایبەت بە بەساڵاچوان نییە، هاوکات لە دەرەوەی ئاوەدانی و لەناو دارستانی دەستکردی قەڵادزێ دوو هاووڵاتی لەناو کەلاوەدا دەژین، وەزیری کار و کاروباری کۆمەڵایەتیش ڕای دەگەیەنێت کە ئەم کێشەیە بووەتە بابەتێکی کۆمەڵایەتیی هەستیار.
کەمێك پێش ئێستا لە ڕاپۆرتێکی مەیدانیدا ئاشکرا کرا، لە دەڤەری ئیدارەی ڕاپەڕین هیچ شوێنێک بۆ حەوانەوە و چاودێریکردنی کەسانی پیر، پەککەوتە و بێلەسەیران نییە، بە جۆرێک دوو هاووڵاتی بە بێپەنایی لەناو کەلاوەیەکدا لە قەڵادزێ ژیان بەسەر دەبەن، سەرەڕای ئەوەی لە ساڵی 2014ـەوە بینایەک بۆ ماڵی بەساڵاچوان لە ڕانیە دروست کراوە، کەچی لە بری ئەوەی خزمەتی بەساڵاچوان بکات، دراوە بە دوو بەڕێوەبەریتیی جیاواز.
کوێستان محەمەد، وەزیری کار و کاروباری کۆمەڵایەتیی هەرێم، لەبارەی دۆخەکە وتی: "نەبوونی ماڵی بەساڵاچوان لە ڕاپەڕین تەنها نەبوونی بینایەک نییە، بەڵکو بووەتە کێشەیەکی کۆمەڵایەتیی گەورە بۆ ئەو کەسانەی پێویستیان بە چاودێری و پشتگیریی حکومی و کۆمەڵایەتی هەیە".
لای خۆیەوە، شەماڵ عەباس، بەڕێوەبەری چاودێری و گەشەپێدانی کۆمەڵایەتیی ڕاپەڕین، ئاماژەی بە قەبارەی گرفتەکە دا و جەختی لەوە کردەوە کە پێویستە دەستبەجێ ڕێکاری پێویست بۆ دابینکردنی شوێنێکی شایستە بۆ بەساڵاچوانی دەڤەرەکە بگیرێتە بەر، هاوکات عومەر پشدەری، هونەرمەندی میللی، نیگەرانیی خۆی بەرامبەر بەو دۆخە مرۆییە دەربڕی.