شاندی باڵای دانوستانکاری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە بەغدا، بە مەبەستی بەشداریکردن لە قۆناغی ئامادەکردنی ڕەشنووسی پڕۆژەیاسای بودجەی فیدراڵ بۆ ساڵی ٢٠٢٧ و جێگیرکردنی شایستە دارایی و دەستوورییەکانی هەرێم، زنجیرەیەک کۆبوونەوەی لەگەڵ وەزارەتەکانی دارایی، پلاندانان و نەوتی عێراق ئەنجام دا.
ئومێد سەباح، سەرۆکی دیوانی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان، لە ڕاگەیەندراوێکدا ناوەڕۆکی کۆبوونەوەکانی خستە ڕوو و جەختی لەوە کردەوە کە شاندەکە داوای کردووە پشکی هەرێم بە شێوەیەکی دادپەروەرانە و لەسەر بنەمای دەستوور و دەرئەنجامی سەرژمێریی گشتی جێگیر بکرێت.
کۆبوونەوەکان لەگەڵ وەزارەتە فیدراڵییەکان
وەزارەتی دارایی:
شاندی هەرێم لەگەڵ فالح سەری، وەزیری دارایی فیدراڵ و وەزیری پلاندانان بە وەکالەت، کۆبووەوە. وەزارەتی دارایی فیدراڵ دڵنیایی دایە شاندی هەرێم کە لە ڕۆشنایی دەستوور و یاسا پەیوەندیدارەکاندا، بە دادپەروەرانە مامەڵە لەگەڵ ماف و شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستاندا دەکات.
وەزارەتی پلاندانان:
لە کۆبوونەوەی هاوبەشدا، شاندی هەرێم داوای کرد پشکی هەرێم لە پڕۆژەکانی وەبەرهێنان، پەرەپێدانی پارێزگاکان، پترۆدۆلار و هەروەها قەرز و بەخشینە نێودەوڵەتییەکان بەپێی ڕێژەی دانیشتوان و بەشداریکردن لە گەڕاندنەوەیاندا مسۆگەر بکرێت.
وەزارەتی نەوت:
ئەجیندای ئەم کۆبوونەوەیە تایبەت بوو بە بڕگە نەوتییەکانی بودجەی ٢٠٢٧، لەوانە تێکڕای نەوتی خەمڵێنراو بۆ هەناردەکردن و نرخی بەرمیلێک نەوت. شاندی هەرێم دووپاتی کردەوە کە نەوتی بەرهەمهاتووی هەرێم بۆ هەناردەکردن ڕادەستی کۆمپانیای سۆمۆ دەکرێت و داهاتەکەی بۆ خەزێنەی فیدراڵ دەگوازرێتەوە، لای خۆیشیانەوە وەزارەتی نەوت پێشوازیی لەو هەماهەنگییە کرد.
لە کۆتایی ڕاگەیەندراوەکەدا، شاندی حکومەتی هەرێمی کوردستان پابەندبوونی خۆی بە جێبەجێکردنی ئەرکە دەستوورییەکان دووپات کردەوە و جەختی لە بەرپرسیارێتیی حکومەتی فیدراڵ کردەوە بۆ دابینکردن و جێگیرکردنی شایستە داراییەکان و مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم بە شێوەیەکی دادپەروەرانە و هاوشێوەی ناوچەکانی دیکەی عێراق.