کەمال محەممەد ساڵح، وەزیری سامانە سروشتییەکانی هەرێمی کوردستانی بە وەکالەت، لە ڕوونکردنەوەیەکدا وەڵامی لێدوانەکەی باسم محەممەد، وەزیری نەوتی فیدراڵی دایەوە سەبارەت بە کێشەی بەنزین و مەرجی پێشکەشکردنی بەنزین بە هەرێم بەرانبەر ڕادەستکردنی ٥٠ هەزار بەرمیل نەوتی ناوخۆ.
وەزیری سامانە سروشتییەکان ڕایگەیاند کە پشکی هەرێم بەپێی هەموو پێوەرەکان دەبێت زیاتر لە دووبەرامبەری بڕی ئێستا بێت و دیاریکردنی ٥٠ هەزار بەرمیل تەنیا دەرئەنجامی ڕێککەوتنێکی کاتی بووە نەک خواست و ویستی هەرێم.
هاوکات جەختی لەوە کردەوە کە بەرژەوەندیی هاووڵاتییانی هەرێم لە سەرووی هەموو شتێکەوەیە، و ئەگەر وەزارەتی نەوتی فیدراڵی ئامادە بێت گفتوگۆ لەسەر دابینکردنی سووتەمەنی بە نرخی پاڵپشتیکراو و بەپێی ڕێژەی دانیشتووانی هەرێم بکات، ئەوا بە ڕەچاوکردنی مافە دەستوورییەکان ئامادەن دانوستان بۆ دیاریکردنی پشکی ڕاستەقینە و دادپەروەرانە ئەنجام بدەن.