ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو ئاماری پێشێلکاری و توندوتیژییەکانی مانگی ڕابردووی حکومەتی ئێرانی بەرانبەر بە ژنان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران بڵاو کردەوە، کە تێیدا ئاماژە بە هەڵکشانی بەرچاوی ڕێژەی دەستبەسەرکردن و سزاکان دراوە.
بەپێی ئامارەکانی ڕێکخراوەکە، لە ماوەی مانگی ڕابردوودا ئەم پێشێلکارییانە تۆمار کراون:
دەستبەسەرکردنی چالاکوانان: ١٧ ژنی چالاکوان لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی ئێرانەوە دەستبەسەر کراون.
سزای لەسێدارەدان: دەزگای دادوەریی ئێران سزای لەسێدارەدانی بەسەر ٣١ ژندا سەپاندووە، و لە هەمان کاتیشدا سزای لەسێدارەدانی ٤ ژن جێبەجێ کراوە.
ژنکوژی: ١٤ حاڵەتی کوشتنی ژنان تۆمار کراوە، کە زۆرینەیان لەلایەن هاوژین و کەسە نزیکەکانیانەوە ئەنجام دراون.
ئەم ئامارانە لە کاتێکدا دەردچوون کە پێشتریش ناوەندەکانی مافی مرۆڤ هۆشدارییان دابوو لەبارەی توندتربوونی زەختە ئەمنییەکان و هەڵکشانی سەرکوتکاریی دەزگا حکومییەکان دژ بە ژنان و دەنگە ناڕازییەکان لە ناوخۆی ئێراندا.