سکرتارییەتی کومیتەی ناوەندیی کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان، لە ڕاگەیەندراوێکی فەرمیدا بۆ ڕای گشتی، تەواوی ئەو هەواڵ و دەنگۆیانەی ڕەت کردەوە کە لەسەر تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاوکرابوونەوە سەبارەت بە ڕووداوێکی تەقەکردن لە ناوچەکانیان.
لە بەیاننامەکەی کۆمەڵەدا هاتوو: "دوای بڵاوبوونەوەی هەندێک دەنگۆی بێبەڵگە کە گوایە 'جاسوسێک تەقەی لە ژمارەیەک پێشمەرگە کردووە و برینداری کردوون و دواتر هەڵهاتووە، هەروەها ئەندامێک لە ڕێبەرایەتی تێرۆر کراوە'، بە ڕوونی ڕایدەگەیەنین کە ئەم هەواڵانە هیچ بنەمایەکی ڕاستیان نییە و بە تەواوی درۆن."
سکرتارییەتی کومیتەی ناوەندی دڵنیایی دەدات کە "هەموو هاوڕێیان لە تەندروستی و سەلامەتیی تەواودان و هیچ ڕووداوێکی لەو شێوەیە ڕووی نەداوە."
لە کۆتایی بەیاننامەکەیاندا، کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان داوای لە هاووڵاتییان و ڕای گشتی کرد تەنیا پشت بە ڕاگەیاندنە فەرمییەکانی حزبەکەیان ببەستن و لە بڵاوکردنەوەی هەواڵی ناڕاست و شایعە بێسەرچاوەکان خۆیان بپارێزن.