پێشێلکارییەکانی مافی مرۆڤ و دەستبەسەرکردنی هاوڵاتییانی کورد لە لایەن دەزگا ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە بەردەوامە، لە دوو ڕووداوی جیاوازدا لە جوانڕۆ و بجنوورد، دوو گەنج دەستبەسەر کران و وەرزشوانێکیش سزای زیندانیکردنی بەسەردا سەپێنرا.
کۆمەڵەی مافی مرۆڤ بڵاوی کردەوە، دوو گەنجی خەڵکی شاری جوانڕۆی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە ناوەکانی پویان ئەحمەدی (18 ساڵ) و محەمەد موستەفایی (20 ساڵ)، لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کراون و بۆ شوێنێکی نادیار گواستراونەتەوە. سەرباری تێپەڕبوونی چەند ڕۆژێك بەسەر دەستبەسەرکردنیاندا، بەدواداچوونی بنەماڵەکانیان بۆ ئاگاداربوون لە تۆمەتەکان و شوێنی ڕاگرتنیان بێئەنجام بووە.
لە لایەکی دیکەوە، دادگای شۆڕشی بجنوورد سزای سێ ساڵ زیندانیکردنی بەسەر محەمەد شاددڵ، وەرزشوان و پاڵەوانی 30 ساڵەی ماتۆڕسواریی کوردی خۆراساندا سەپاند، ئەوەش بەهۆی بەشداریکردنی لە خۆپیشاندانەکانی زستانی ڕابردوودا.
ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ جەخت دەکەنەوە، محەمەد شاددڵ لە تەواوی قۆناغەکانی لێکۆڵینەوە و دادگاییکردنیدا لە مافی بوونی پارێزەر بێبەش کراوە و لە لایەن ناوەندە ئەمنییەکانەوە هەڕەشەی قورسکردنی سزاکەی لێ کراوە لە حالەتی ناڕەزایەتیدەربریندا.