پارێزگاری کرماشان، لە ڕێوڕەسمی کردنەوەی بازاڕچەی سنووریی تیلەکۆ لە ناوچەی سەرپێڵی زەهاوی ڕۆژهەڵاتی کوردستان ڕایگەیاند، پارێزگاکەیان 371 کیلومەتر سنووری هاوبەشی لەگەڵ وڵاتی عێراقدا هەیە و هاوسنووربوونی کرماشان لەگەڵ هەرێمی کوردستان تایبەتمەندییەکی گرنگی پێبەخشیوە، بە شێوەیەک کە 40٪ی تەواوی هەناردەی ئێران لە ڕێگەی دەروازە سنوورییەکانی کرماشانەوە ئەنجام دەدرێت.
مەنوچێهر حەبیبی، جەختی لەسەر پێویستیی ڕێکخستنەوە و چالاککردنی بازاڕچە سنوورییەکان کردەوە لە بارودۆخی تایبەتی ئابووریی وڵاتەکەدا و گوتی، کە دەبێت لە هەموو تواناکانی ناوچە سنوورییەکان بۆ گەشەپێدانی بازرگانی لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ کەڵک وەربگیرێت.
هەروەها ئاماژەی بە دەروازە سنوورییەکانی وەک شوشمێ، سومار، پەروێزخان و خوسرەوی کرد، کە وەک دەرفەتی زۆر بەنرخ خزمەت بە جووڵەی ئابووری و بازرگانیی پارێزگای کرماشان لەگەڵ هەرێمی کوردستان دەکەن.
ئا،اژەی بەوەشکرد، پەرەپێبدانی بازرگانی لەگەڵ هەرێمی کوردستان کاریگەریی ڕاستەوخۆی لەسەر باشکردنی بژێوی ژیان و ڕەخساندنی هەلی کار بۆ دانیشتووانی ناوچە سنوورییەکان دەبێت بۆ ئەوەی بە هێز و ورەیەکی زیاترەوە لە ناوچەکانی خۆیاندا بمێننەوە.