پەیمان ڤیان هاوسەرۆکی پارتی ژیانی ئازادی کوردستان (پژاک)، ڕایگەیاند، جەنگی ئێستا جەنگێکی جیهانییە و نەخشەیەکی نوێ بۆ ناوچەکە بەڕێوەیە، تێیدا کۆماری ئیسلامیی ئێران لە ناوخۆ و دەرەوەدا لەبەردەم مەترسییەکی گەورەدایە.
هاوسەرۆکی پژاک ئاماژەی بە ململانێی سەربازیی ئێستای نێوان واشنتن و تاران دا و گوتی: "لەم جەنگەی نێوان ڕژێمی ئێران و ئەمریکادا هیچ لایەکیان سەرکەوتوو نەبوون. لە ڕاستیدا دەوڵەتەکان و هێزەکانی ناتۆ خۆیان بۆ جەنگێکی گەورەتر ئامادە دەکەن، ئێستاش ئێران گەرووی هورمز وەک ئامرازێکی هەڕەشە دژی جیهان بەکاردەهێنێت".
پەیمان ڤیان تیشکی خستە سەر دۆخی ناوخۆیی ئێران و هێرشەکانی ئەم دواییەی ڕژێم بۆ سەر هێزەکانی ئۆپۆزسیۆن و ڕایگەیاند، دەسەڵاتی تاران لە ناوخۆدا زۆر لاواز بووە، چونکە گەل بە تەواوی لە دژی وەستاوەتەوە. گوتیشی: "ئێران لە خاڵێکی زۆر لاوازدایە. بۆیە هێرش دەکاتە سەر نەیارەکانی. کێن ئەم نەیارانە؟ ژنانن، گەنجانن و کوردن. هێزی جێگرەوە و ڕاستەقینەش لە ناو دڵی گەلی کورددا (پژاک)ە".
هاوسەرۆکی پژاک جەختی کردەوە، هەرچەندە ئێران خۆی بۆ جەنگی دەرەکی ئامادە دەکات، بەڵام مەترسی و ترسی سەرەکیی تاران هێزە ناوخۆییەکانن، چونکە هێزە دەرەکییەکانیش دەزانن ئەگەر ئێران لە ناوخۆوە گورزی گەورە نەخوات، تەمەنی درێژ دەبێت. هەر بۆیە ڕژێم لە ترسی ئەمە، هەڕەشە لە هێزە کوردییەکان دەکات.
پەیمان ڤیان ڕایگەیاند، پژاک بۆ پاراستنی دەستکەوتەکانی گەلەکەی تێدەکۆشێت و لە بەرامبەر هەڕەشەکاندا ئامادەکاریی تەواو بۆ جەنگێکی گەورە دەکات. ئاماژەی بەوەش کرد، نەیاران دەیانەوێت سیاسەتی نکۆڵی و لەناوبردن لە هەموو پارچەکانی کوردستان زیندوو بکەنەوە، بۆیە پێویستە پرسی یەکێتیی نەتەوەیی لە سەرووی هەموو بابەتەکانەوە بێت و گەلی کورد بە ڕۆحی یەکگرتووییەوە بەرگری لە خۆی بکات.
هاوسەرۆکی پژاک ئاماژەی بە ڕۆڵی تورکیا لە هاوکێشەکاندا کرد و گوتی: "تورکیا سەرەتا هەوڵی دەدا یارمەتیی ئێران بدات تا بمێنێتەوە، بەڵام دوای کۆبوونەوە و لووتکەی ناتۆ، هەڵوێستی خۆی بەرامبەر ئێران گۆڕی. ئەگەر تورکیا دەیەوێت خۆی لەم قەیرانە ڕزگار بکات، پێویستە خاوەندارێتی لەو پرۆسەیە بکات کە ڕێبەر ئۆجالان بۆ چارەسەری دەستی پێکردووە".