گوتەبێژی سوپای ئێران هۆشدارییەکی توندی ئاراستەی وڵاتانی کەنداو کرد و ڕایگەیاند، پێدانی بنکەی سەربازی بە سوپای ئەمریکا بۆ هێرشکردنە سەر ئێران بە بێ وەڵام نامێنێتەوە.
ئەمڕۆ پێنجشەممە 16ی تەممووزی 2026، محەممەد ئەکرەمی نیا، گوتەبێژی سوپای ئێران پەیامێکی هەڕەشەئامێزی ئاراستەی وڵاتانی کەنداو کرد و تۆمەتباری کردن بەوەی کە بوونەتە هاوکار و پاڵپشتیکاری هێرشەکانی ئەمریکا بۆ سەر خاکی ئێران.
بەگوتەی محەممەد ئەکرەمی نیا، وڵاتانی کەنداو ڕێگەیان بە سوپای ئەمریکا داوە، کە خاکی ئەوان بۆ هێرشکردنە سەر ئێران بەکاربهێنێت. ناوبراو گوتی: "دراوسێکانی ئێران با چاک بزانن، کە پێدانی بنکەی سەربازی بە ئەمریکییەکان و ڕێگەدان بە هێرشکردنە سەر ئێران لە خاکی ئەوانەوە، بێ وەڵام نامێنێتەوە".
گوتەبێژی سوپای ئێران گوتیشی: "کڕینی چەک لە ئەمریکا و تەرخانکردنی خاکەکانیان بۆ بنکە سەربازییەکانی واشنتن، ئاسایش بۆ ئەو وڵاتانە دروست ناکات، چونکە ئەو ئاسایشەی لە ئەمریکاوە هاوردەی دەکەن، هەمیشەیی نابێت".