ڕێکخراوی پزیشکی دادوەریی ئێران ڕایگەیاند کە لە ئەنجامی جەنگی ٤٠ ڕۆژەدا، ٣ هەزار و ٥١٩ کەس کوژراون، و ئاماژەی بەوەش کرد کە ئەم ئامارە ئەو کەسانە ناگرێتەوە کە لە ڕووبەڕووبوونەوەکانی هەفتەکانی ڕابردوودا لەگەڵ ئەمریکا لە باشووری ئێران گیانیان لەدەستداوە.
بەگویرەی ڕاگەیەندراوەکە، نزیکەی ٣ هەزار کەس لە کوژراوەکان پیاو و نزیکەی ٥٠٠ کەسیشیان ژن بوون؛ هەروەها ٢٧٠ کەس لە قوربانییەکان منداڵی خوێندکار بوون کە زۆربەیان لە ڕۆژی یەکەمی هێرشی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ سەر ئێران کوژران، لەگەڵ کوژرانی ٣٨ منداڵی تەمەن خوار پێنج ساڵ.
سەبارەت بە وردەکاریی قوربانیی سەربازی و مەدەنی، ئاژانسی هەواڵی ئیرنا بڵاوی کردەوە کە لەم جەنگەدا لانیکەم ١ هەزار و ٤٦٠ کەسی مەدەنی و ٢ هەزار و ٨ کەس لە هێزە سەربازییەکانی ئێران کوژراون.