سەباحەت تونجەل، چالاکوانی بزووتنەوەی ژنانی ئازاد ڕایگەیاند، گۆڕانکاری لە یاساکاندا هەنگاوی یەکەمە بۆ پرۆسەی ئاشتی و چارەسەری، و دەبێت ڕێگە لە بەردەم کاری سیاسی و دیموکراتی خۆش بکرێت و ئەنجامدانی سیاسەت بە تاوان نەبینرێت.
سەباحەت تونجەل کە خۆی چەندین ساڵ بەهۆی چالاکییە سیاسییەکانی و بەرگریکردن لە مافی گەلەکەی لە زیندانەکانی تورکیادا بووە، لە لێدوانێکدا ئاماژەی بەوە کرد کە تەنیا دەرچوونی یاساکە بەس نییە، بەڵکو خاڵی یەکلاکەرەوە و جدی جێبەجێکردنیەتی لە مەیداندا.
ناوبراو جەختی لەوەش کردەوە کە پێشهاتەکانی ناوچەکە و بارودۆخی قەیراناویی تورکیا پێویستیی دیالۆگی هێناوەتە ئاراوە؛ بۆیە دەبێت یاسای بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر هەڵبگیرێت، کۆتایی بە سیستمی قەییوومەکان بهێنرێت و ژنان بەشدارییەکی کارایان لە پرۆسەکانی دانوستان و بڕیارداندا هەبێت.