ئەرجان ئەرکۆل، گوتەبێژی پلاتفۆرمی "شیار بە" دوای سەردانێکی بۆ ڕۆژهەڵاتی کوردستان، لەلایەن هێزە ئاسایشییەکانی ئێرانەوە لە دەروازەی سنووریی "ئەرتەلەی" لە پارێزگای وان دەستگیر کرا و ڕووبەڕووی ئەشکەنجە و لێدانی توند بووەوە.
ئەرجان ئەرکۆل دوای ڕووداوەکە و گەڕانەوەی بۆ شاری وان، بەهۆی سەختیی برینەکانیەوە ڕەوانەی نەخۆشخانە کراوە تاوەکو چارەسەری پزیشکیی بۆ بکرێت.
مەحمود دیندار و گوڵدەرەن ڤارلی، پەرلەمانتارانی پارتی دیموکراسی و یەکسانیی گەلان (دەم پارتی) لە پارێزگای وان، لە ڕێگەی تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکسەوە سەرکۆنەی ڕووداوەکەیان کرد و ڕایانگەیاند، ئەشکەنجەدانی ئەرجان ئەرکۆل بە هیچ شێوازێک قبوڵکراو نییە و پێویستە لێپرسینەوەی یاسایی لەگەڵ تۆمەتبارانی ئەم کردەوەیەدا بکرێت.
تاوەکو ئێستا هێزە ئاسایشییەکانی ئێران هیچ ڕوونکردنەوەیەکییان سەبارەت بە هۆکاری دەستگیرکردن و ئەشکەنجەدانی ناوبراو بڵاو نەکردووەتەوە.