شاندی ئیمراڵی و دەم پارتی لە کۆبوونەوەیەکی فراواندا لەگەڵ ژمارەیەک لە ڕۆژنامەنووسان و کۆمەڵناسان لە ئەنقەرە, دوایین پەرەسەندنەکانی "پرۆسەی کۆمەڵگەی دیموکراتی و ئاشتی"یان خستەڕوو و جەختیان لەوە کردەوە کە ئێستا پرۆسەکە چووەتە قۆناغی جێبەجێکردن و یاساییەوە، بۆیە پێویستە عەبدوڵڵا ئۆجالان ڕۆڵێکی چالاک و پێگەیەکی دیار لەو قۆناغەدا بگێڕێت.
لەو کۆبوونەوەیەدا کە میتات سانجار، ئەندامی شاندی ئیمراڵی، گوڵتان کشاناک سیاسەتمەداری کورد و چەتین ئاراش، ئەندامی سەکرتارییەتی ئیمراڵی ئامادە بوون، وەڵامی پرسیاری ڕۆژنامەنووسان درایەوە و جەخت لەسەر گرتنەبەری هەنگاوی نوێ، پێکهێنانی کۆمیتەکان و نەهێشتنی لەمپەرەکان کرایەوە.
چاوەڕوانیی بڕیاری ئهنجوومەنی ئاسایشی نیشتمانی
لە کۆبوونەوەکەدا، میتات سانجار ئاماژەی بەوە دا کە ئێستا بۆ جێبەجێکردنی یاساکە چاوەڕوانیی بڕیاری ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتمانی دەکرێت و ڕوونی کردەوە کە لەبارەی چۆنیەتیی بەڕێوەچوونی پرۆسەی چەکداماڵین و پێکهێنانی کۆمیتەکان گفتوگۆ بەڕێوە دەچن.
سانجار سەبارەت بە دەنگۆی بڵاوبوونەوەی بانگەوازێکی نوێ لەلایەن عەبدوڵڵا ئۆجالانەوە ڕایگەیاند که لە ئێستادا بانگەوازێکی نوێ لە بەرنامەدا نییە، بەڵام ئەگەر پێویست بکات، لە ئەنجامی دیدارەکاندا دەتوانرێت هەڵسەنگاندنی بۆ بکرێت.
لەبارەی شوێنی مانەوەی عەبدوڵڵا ئۆجالانەوە، سانجار ئەو دەنگۆیانەی ڕەت کردەوە کە گوایە بۆ شوێنێکی نوێ گواستراوەتەوە و جەختی کردەوە کە ناوبراو لە هەمان شوێنی پێشووی خۆیدا دەژی، تەنها ئەوە هەیە کە کۆبوونەوەکان ئێستا لە هۆڵێکی فراوانتردا ئەنجام دەدرێن.
ڕۆڵی ئۆجالان و پێکهێنانی کۆمیتەی ستراتیژی
سانجار باسی لە پێکهێنانی "کۆمیتەی چاودێری و هەڵسەنگاندن" کرد و ڕایگەیاند که چەند کۆمیتەیەک پێکهێنراوە، گرنگترینیان "کۆمیتەی بێ چەککردن و هەماهەنگیی ستراتیژی"یە.
سانجار سەبارەت بە بەشداربوونی ئۆجالان لەو کۆمیتەیەدا گوتشی: "هێشتا بڕیارێکی فەرمی و یەکلاکەرەوە لەو بارەیەوە بە ئێمە نەگەیشتووە، بەڵام پێویستە ناوبراو لەم قۆناغەدا ڕۆڵێکی ڕێکخەر و پێشەنگ بگێڕێت."
لە لای خۆیەوە، گوڵتان کشاناک ڕەخنەی لەوە گرت که پێکهاتەی کۆمیتەکان تەنها لە بەرپرسانی دەوڵەت پێک هاتبێت و داوای کرد که بۆ سەرکەوتنی پرۆسەکە، دەبێت پارتە سیاسییەکان، سەندیکاکان، ژنان و کۆمەڵگەی مەدەنی تێیدا بەشدار ببن و ماوەی دوو مانگ بۆ دەستپێکردنی قۆناغی پراکتیکیی یاساکە بقۆزرێتەوە.
هەڵسەنگاندن بۆ دۆخی سووریا و ڕۆژاڤای کوردستان
لە بەشێکی تری کۆبوونەوەکەدا، باس لە پەرەسەندنەکانی سووریا و ڕاگەیەندراوەکەی هەسەدە کرا.
سانجار ئاماژەی بەوە دا کە مۆدێلی "ئەنتگراسیۆنی دیموکراتی" کە لەلایەن مەزڵووم عەبدییەوە باسی لێوە کراوە، هەنگاوێکی زۆر گرنگە و گوتی: "ئەگەر پرۆسەی ئاشتی لە تورکیا دەستی پێ نەکردایە، ڕەنگە ئەم گۆڕانکارییە گەورەیانەش لە سووریا ڕوویان نەدایە."
گوڵتان کێشاناکیش جەختی لەوە کردەوە که چارەسەری ڕاستەقینە ئەوەیە که کورد لە ناوەندەکانی بڕیار و بەڕێوەبردن لە دیمەشق بە ماف و پێگەی خۆیەوە بەشدار بێت و بێبەش نکرێت.
ئاماری 100 هەزار کیلۆمەتر
چەتین ئاراش، ئەندامی سەکرتارییەتی ئیمراڵی، لەبارەی گەشت و سەردانەکانیان بۆ ناوچە جیاوازەکان گوتی که لە ماوەی یەک ساڵدا زیاتر لە 100 هەزار کیلۆمەتر ڕێگەیان بڕیوە بۆ ئەوەی ڕوونكردنەوە بدەنە خەڵک و کۆمەڵگە لە نیگەرانییەکانیان تێبگەن.
ئاراش بە چاوی پڕ لە ئەسرینەوە باسی لە سەردانیکردنی تازییەی گەریلایەک کرد و گوتی که هەندێک لە دایک و باوکی خەباتکارانیان پێیان وا بووە بە دەرچوونی یاساکە منداڵەکانیان دەگەڕێنەوە ماڵەوە، بەڵام لە کاتی سەردانەکەدا هەواڵی گیانلەدەستدانی ڕۆڵەکانیان پێ گەیشتووە، کە ئەمەش نیشانەی قورسی و زەحمەتییەکانی ئەم پرۆسە مێژووییەیە و پێویستە هەموو لایەک بە ڕوانگەیەکی مرۆیی و نیشتمانییەوە مامەڵە لەگەڵ برینەکاندا بکەن.