هاوسەرۆکی گشتیی پارتی هەرێمە دیموکراتیکەکان (دەبەپە) ڕایگەیاند، قەتیسکردنی پرۆسەی ئاشتی لە چوارچێوەی هەنگاوەکانی دەسەڵاتدا بە ڕاست نابینن و جەختی کردەوە کە بە بەهێزکردنی تێکۆشان دەتوانن حکومەتی تورکیا ناچار بە هەنگاونان بکەن.
چیدەم کڵچگیون ئوچار، هاوسەرۆکی گشتیی دەبەپە لە میانەی کۆبوونەوەیەکیدا لەگەڵ ژنانی دێرسیم ڕایگەیاند، هەندێک لایەن هەوڵ دەدەن ڕێگری لە پەرەسەندن و بەڕێوەچوونی پرۆسەی ئاشتی بگرن، بەڵام چەسپاندنی ئاشتی پێویستی بە تێکۆشانێکی مەزن هەیە و ئەم قۆناغەش وەک دەرفەتێکی مێژوویی بۆ تورکیا وسف کرد.
چیدەم ئوچار ئاماژەی بەوەش کرد، لە ماوەی چەندین ساڵی ڕابردوودا ئەمە یەکەمجارە پەرلەمانی تورکیا بە فەرمی گفتوگۆ لەسەر پرسی کورد دەکات، و داوایشی لە ژنان کرد کە بە شێوەیەکی کارا و چالاک بەشداری لە پرۆسەی ئاشتیدا بکەن.