شاندێکی بەڕێوەبەریی خۆجێیی و شارەوانییەکانی باکووری کوردستان لە شاری حەسەکە لەگەڵ نوورەدین ئەحمەد، پارێزگاری حەسەکە کۆبووەوە و پەرەپێدانی پەیوەندییەکان و دۆخی ئیداریی ناوچەکەیان تاوتوێ کرد.
نوورەدین ئەحمەد، پارێزگاری حەسەکە لە باڵەخانەی پارێزگا لە شاری حەسەکە پێشوازی لە شاندەکەی باکووری کوردستان کرد. کۆبوونەوەکە بە ئامادەبوونی خالد ئیبراهیم، ئەندامی کۆمیتەی بەڕێوەبەری و نەوارا سەبری، ئەندازیار لە بەڕێوەبەرایەتیی پەیوەندییەکان بە شێوەیەکی داخراو بەڕێوەچوو.
شاندەکەی باکووری کوردستان پێکهاتوون لە دەوریم دەمیر، هاوسەرۆکی شارەوانیی گەورەشارەوانیی ماردین و هاوسەرۆکی کۆمیتەی دیپلۆماسیی بەڕێوەبەریی خۆجێیی؛ سەفییە ئاکداغ، هاوسەرۆکی شارەوانیی نوورشەهەری ئامەد؛ سەڤیم بیچیچی، هاوسەرۆکی شارەوانیی فەرقینی ئامەد؛ بەلقیز بەشتاش ئێپۆزدەمیر، هاوسەرۆکی شارەوانیی تەتبانی بەدلیس؛ لەگەڵ رووکەن دێمیرەر، ئەندامی کۆمیتەی دیپلۆماسی.
ئەم کۆبوونەوەیە لە چوارچێوەی زنجیرەیەک دیداری دیپلۆماسیدا دێت کە شاندەکە لە ناوچەکەدا ئەنجامی دەدەن، بە ئامانجی بەرەوپێشبردنی پەیوەندییەکان، ئاشنابوون بە دۆخی ئیداری و خۆجێیی، و پێشکەشکردنی هاوکاری و پشتیوانی بۆ شارەوانییەکانی ناوچەکە.