لە چوارچێوەی دانوستاننە بەردەوامەکانی نێوان بەڕێوەبەریی خۆسەر و حکومەتی سوریا، نوێنەری بەڕێوەبەریی خۆسەر لە دیمەشق تازەترین وردەکاریی کۆبوونەوەکان و چارەنووسی بەشداربوونی هێزە چەکدارەکانی ناوچەکەی لە پێکهاتەی دەوڵەتدا ئاشکرا کرد.
عەبدولکەریم عومەر، نوێنەری بەڕێوەبەریی خۆسەر لە دیمەشق لە ڕایگەیاند، یەکینەکانی پاراستنی ژن (یەپەژە) پێشتر ویستی خۆیان بۆ تێکەڵبوون لەگەڵ وەزارەتی بەرگریی سوریا دەربڕیبوو، بەڵام وەزارەتەکە پێشنیازەکەی ڕەت کردبووەوە بەهۆی ئەوەی پێکهاتەی سەربازیی ئێستای سوریا یەکەی تایبەت بە ژنانی تێدا نییە، لە بەرامبەردا وەزارەت پێشنیازی کردبوو، یەکینەکانی پاراستنی ژن بچنە سەر وەزارەتی ناوخۆ.
بە گوێرەی گوتەی عەبدولکەریم عومەر، یەکینەکانی پاراستنی ژن بەم دواییە پێشنیازێکی فەرمییان پێشکەش کردووە تاوەکو وەک یەکەیەکی تایبەتمەند لە بوارەکانی دژەتیرۆر بچنە سەر وەزارەتی ناوخۆ و تا ئێستاش ئەم بابەتە لە نێوان هەردوو لادا لەژێر توێژینەوە و گفتوگۆدایە.
لە لایەکی دیکەوە، نوێنەری بەڕێوەبەریی خۆسەر ئاشکرای کرد، ئەمڕۆ شاندێکی بەڕێوەبەریی خۆسەر بە سەرۆکایەتیی مەزڵوم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هەسەدە و ئیلهام ئەحمەد، هاوسەرۆکی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوە، لە شاری دیمەشق لەگەڵ ئەحمەد شەرع سەرۆک قۆناغی ڕاگوزەری سوریا کۆدەبنەوە. ئامانجی سەرەکیی کۆبوونەوەکەش تاوتوێکردنی ئاستەنگەکانی بەردەم پرۆسەی تێکەڵکردنی دامەزراوە سەربازی و کارگێڕییەکانە.