لە چوارچێوەی پرۆسەی چارەسەری و ئاشتیدا، ناوی فەرمیی پێشنیازی یاسای چوارچێوە دیاری کرا و لە لایەن سەرۆکی پارتی بزووتنەوەی نەتەوەیی تورکیاوە (مەهەپە) ئیمزا کرا.
دەوڵەت باخچەلی، سەرۆکی گشتیی مەهەپە، ئیمزای لەسەر پێشنیازە یاساکە کرد، بە ناوی (بەهێزکردنی تەبایی نیشتمانی و یەکگرتوویی کۆمەڵایەتی) پێشکەشی پەرلەمان دەکرێت. هاوكات جەلال ئادان جێگری سەرۆکی پەرلەمان، جێگرانی سەرۆکی فراکسیۆنی مەهەپە ئەرکان ئاکچای و فیلیز کڵچ، و جێگری سەرۆکی گشتی فەتی یڵدز ئیمزایان لەسەر بەڵگەنامەکە کردووە و چاوەڕوان دەکرێت تا کۆتایی ڕۆژەکە تەواوی پەرلەمانتارانی مەهەپەش ئیمزای لەسەر بکەن.
لەلایەکی دیکەوە، پارتی داد و گەشەپێدان (ئاکەپە) بڕیاری داوە سبەی کۆبوونەوەیەکی داخراوی فراکسیۆنەکەی لە پەرلەمانی تورکیا ئەنجام بدات تاوەکو لەنزیکەوە دەق و وردەکارییەکانی ئەم پێشنیازە یاسایییە تاوتوێ بکات پێش ئەوەی بەفەرمی بخەرێتە بەرنامەی کاری پەرلەمانەوە.