ڕاستەوخۆ

سەزای تەمەلی: دیداری شاندی ئیمڕاڵی لەگەڵ ئۆجالان ئەرێنی بووە

reset font size increase font size

سەرۆکی فڕاکسیۆنی دەم پارتی لە پەرلەمانی تورکیا ڕایگەیاند، یاسای چوارچێوەی تایبەت بە پڕۆسەی ئاشتی لەم هەفتەیەدا ئامادە دەکرێت؛ هاوکات ئاشکرای کرد کە دیداری شاندی ئیمڕاڵی لەگەڵ عەبدوڵا ئۆجالان ئەرێنی بووە و نامەی جەختکردنەوەی لەسەر گشتگیربوونی یاساکە هەڵگرتووە.

سەزای تەمەلی، سەرۆکی فڕاکسیۆنی پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی) لە پەرلەمانی تورکیا، ئاماژەی بە دوا کۆبوونەوەیان لەگەڵ نوعمان کورتوڵموش، سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا کرد و گوتی: "پێمان ڕاگەیاندوون کە ناکرێت پڕۆسەی ئاشتی لە چوارچێوەی یەک یاسادا سنوردار بکرێت و دوای دەرچوونی ئەم یاسایەش، پڕۆسەکە بەردەوام دەبێت."

تەمەلی روونیشی کردەوە، دەرچوونی یاسای چوارچێوە دەبێتە سەرەتایەک بۆ قۆناغی هەموارکردنەوەی زنجیرەیەک یاسای تر. بەڵام نیشانی دا کە تاوەکو ئێستا ڕەشنووسی یاسای چوارچێوە بە ڕەسمی نەخراوەتە بەردەست دەم پارتی، ئەوەش بووەتە هۆی قووڵبوونەوەی نیگەرانییەکان لەسەر ناوەڕۆکەکەی.

لە بەشێکی تری قسەکانیدا، سەرۆکی فڕاکسیۆنی دەم پارتی ئاماژەی بە درێژکردنەوەی ماوەی کارکردنی پەرلەمان کرد بەر لە چوونە پشووەوە و جەختی کردەوە، ئەو ٨ ڕۆژەی ماوە دەرفەتێکی باشە بۆ تەواوکردن و پەسەندکردنی یاسای چوارچێوە.

سەبارەت بە دوا کۆبوونەوەی نێوان شاندی ئیمڕاڵی و عەبدوڵا ئۆجالان، سەزای تەمەلی گوتی: "دیدارەکە ئەرێنی بووە؛ ئۆجالان لە کۆبوونەوەکەدا جەختی لەسەر پێویستیی گشتگیربوونی یاسای چوارچێوە کردووەتەوە تاوەکو بێتە بنەمایەک بۆ چارەسەری کۆتایی."

 

Rezhna Sardar

بابەتە پەیوەندیدارەکان

دەربارەی ئێمە

پەیوەندیکردن

TV

  • Frequency: 12687 H 27500 (Nilesat)
  • Frequency: 11296 H 27500 (Hotbird)

تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان

© 2026 – NÛÇE TV هەموو مافەکان پارێزراون.