ئایشەگوڵ دۆغان، گوتەبێژی پارتی یەکسانی و دیموکراسی (دەم پارتی)، دەربارەی هەنگاوی دووەمی پڕۆسەی چارەسەری و جێبەجێکردنی "یاسای چوارچێوە" پەیامێکی بڵاوکردەوە.
گوتەبێژی دەم پارتی لەپەیامەکەیدا گوتی: بۆ سەرکەوتنی پڕۆسەکە، پێویستە لە ڕۆژانی داهاتوودا هەنگاوی فەرمی و ڕوون بنرێن، ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد کە ئەو لیژنانەی لەژێر سەرۆکایەتیی جێگری سەرۆککۆمار جەودەت یڵماز پێکهێنراون، پێویستە بەرنامە، شێوازی کارکردن و خشتەی کاتیی خۆیان بە شێوازێکی کراوە و ڕوون لەگەڵ ڕای گشتیدا بەش بکەن.
گوتەبێژی دەم پارتی، دەستنیشانیشی کردووە کە بۆ هەماهەنگیی نێوان چەکدانان و سیاسەتی دیموکراتی، عەبدوڵڵا ئۆجالان کارەکتەری سەرەکییە، هەربۆیە پێویستە پێگەی ئۆجالان وەک هەماهەنگیکاری چەکدانان و بەسیاسیبوون قبوڵ بکرێت و دەرفەت بدرێت کە ڕاستەوخۆ و بە شێوەیەکی واقیعی دەنگی خۆی بگەیەنێت.
لە کۆتایی پەیامەکەدا ئاماژە بەوە کراوە کە پێویستە بڕیارەکانی دادگای مافی مرۆڤی ئەوروپا و دادگای دەستووری بەبێ هیچ مەرجێک جێبەجێ بکرێن.